تویتەر 27, تشرینی دووه‌م 2019

تویتەر دەست دەکات بە سڕینەوەی ئەو هەژمارانەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر ناچالاکن

تویتەر دەستیکرد بە ڕەوانەکردنی ئیمەیڵ بۆ خاوەنی ئەو هەژمارانەی کە بۆ ماوەیەکی زۆرە ناچالاکن و بەکارنەهاتوون.

لە ئیمەیڵەکاندا، تویتەر ڕایگەیاندووە ئەگەر تاوەکو ڕێکەوتی 11 ـی مانگی داهاتوو بۆ جارێک هەژمارەکەت بەکارنەهێنیت، ئەوا دەبێتە مێژوو و بە یەکجاری دەسڕێتەوە، هەروەها ناوی بەکارهێنەر (Username) ـەکەش چیدیکە نابێت بە هی خۆت و دەتوانرێت لە لایەن یەکێکی دیکەوە بەکاربهێندرێت.

ئەم پڕۆسەیە، ئەو بەکارهێنەرانە دەگرێتەوە کە بۆ ماوەی 6 مانگ یان زیاتر هەژمارەکانیان بەکارنەهێناوە. وتەبێژێکی تویتەر دەربارەی ئەم باسە بەم شێوەیە بۆ پێگەی The Verge لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە دواوە:

وەکو بەشێک لە ڕاسپاردەمان، کار دەکەین بۆ پاککردنەوەی تویتەر لە هەژمارە ناچالاکەکان و بەکارنەهاتووەکان بۆ ماوەیەکی زۆر. ئەم کردارە هانی بەکارهێنەران دەدات تاوەکو بە بەردەوامی هەژمارەکانیان لە تۆڕەکەدا بەکاربهێنن لەو کاتەوەی کە هەژماریان درووستکرد.

ئەم پڕۆسەیە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بۆ ماوەی زیاتر لە 6 مانگ بۆ تەنها جارێکیش هەژمارەکانیان بەکارنەهێناوە. لە دوای ئەو ماوەیەدا، هەژمارەکانیان بە یەکجاری دەسڕێتەوە بە پاساوی ناچالاکی.

تویتەر بە دیاریکراوی ئاشکرای نەکردووە کە چ کاتێک ناوی بەکارهێنەری هەژمارە سڕاوەکان بەردەست دەبن بۆ کەسانی دیکە بە مەبەستی بەکارهێنانیان، بەڵام تویتەر دەڵێت سڕینەوەی هەژمارەکان لە ماوەی چەند مانگێکدا ڕوودەدات، نەوەک بە تەنها یەک ڕۆژ. هەر بۆیە پێشبینی ناکرێت لە ڕێکەوتی 12 ـی مانگی داهاتوودا لێشاوێکی زۆری ناوی بەکارهێنەر بەردەست ببن بۆ بەکارهێنان.

ئەگەر ئیمەیڵێکی لەم جۆرەت بەدەست گەیشتووە، پێویست دەکات بە زووترین کات داخڵی هەژمارەکەت ببیت و ماوە ماوە بەکاری بهێنیت بۆ ئەوەی نەسڕدرێتەوە:

Hello,

To continue using Twitter, you’ll need to agree to the current Terms, Privacy Policy, and Cookie Use. This not only lets you make the best decisions about the information that you share with us, it also allows you to keep using your Twitter account. But first, you need to log in and follow the on-screen prompts before Dec. 11, 2019, otherwise your account will be removed from Twitter.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ