ئامێرە هەمەجۆرەکان 9, ئازار 2020

ئایکۆنی بیستۆکی سەر گوێیی بێوایەری نوێی ئەپڵ لە کۆدە دزەپێکراوەکانی iOS 14 بەدیارکەوت

پێگەی 9to5Mac توانیویەتی کۆدە دزەپێکراوەکانی وەشانی iOS 14 ـەیان دەست بکەوێت و تێیدا ئایکۆنی بەرهەمێکی نوێی ئەپڵیان بەدی کردووە.

پێگەکە لە کۆدە دزەپێکراوەکانی وەشانی iOS 14 ـەدا ئایکۆنی بیستۆکێکی سەر گوێیی بێوایەری ئەپڵیان بەدی کردووە، ئایکۆنەکان ڕەنگیان ڕەش و سپین، کە پێدەچێت ئەمە ئاماژە بێت بۆ ئەوەی کە ئەو بەرهەمە بە زیاتر لە ڕەنگێک و ڕەنگەکانی ڕەش و سپییەوە بەردەست بکرێت، بە پێچەوانەی AirPods ـەوە کە تەنها بە ڕەنگی سپییەوە بەردەست کرا.

لە ڕووی دیزایندا، ئایکۆنەکان ڕوونی دەکەنەوە کە دیزاینی بیستۆکەکە هاوشێوەی دیزاینی بیستۆکە سەر گوێییە بێوایەرەکانی دیکە دەبێت و هیچ جیاوازییەکی دیار بەدی ناکرێت.

هەرچی دەربارەی تایبەتمەندییەکانیەتی، پێشبینی دەکرێت ئەپڵ تایبەتمەندییەکانی AirPods بۆ ئەم بیستۆکە بەکاربهێنێت بە بەراورد بە تایبەتمەندییەکانی بیستۆکەکانی Beats، هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت خاوەن تایبەتمەندی وەستاندن و دەستپێکردنەوەی دەنگەکان ببێت لە کاتی لابردن لە گوێدا.

پێگەی 9to5Mac دەڵێت کۆدەکانی iOS 14 مێژوویان بۆ کانوونی یەکەمی پار ساڵ دەگەڕێتەوە، ئەپڵ بۆ ماوەیەکی زۆرە ئامادەکاری بۆ ئەم بەرهەمە کردووە.

هاوشێوەی ساڵانی دیکە، چاوەڕوان ناکرێت تاوەکو مانگی ئەیلوول وەشانی iOS 14 بەردەست بکرێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە بیستۆکەکەش ئەوکات بەردەست دەکرێت، پێدەچێت زووتر و هەر لەم مانگەدا بەردەست بکرێت.

2 ساڵ لەمەوبەر، پێشبینیکەری بەناوبانگ Ming-Chi Kuo ڕایگەیاندبوو کە پێشبینی دەکات ئەپڵ بیستۆکێکی سەر گوێیی بێوایەر بە هەمان تایبەتمەندییەکانی بیستۆکی بێوایەری AirPods بەرهەم بهێنێت.

لە ڕاستیدا، بیستۆکی سەر گوێیی بێوایەر بۆ ئەپڵ بەرهەمێکی نوێ نییە، لەو کاتەوەی کە کۆمپانیای Beats ـی کڕیوەتەوە، ژمارەیەک بیستۆکی لەو جۆرەی بەردەست کردبوو، بۆ نموونە بیستۆکی سەر گوێیی بێوایەری Beats Studio 3 کە نرخی 350$ ـە. بەڵام درووستکردنی بیستۆکێکی سەر گوێیی بێوایەر بە لۆگۆی ئەپڵەوە، تەواو شتێکی نوێیە بۆ کۆمپانیاکە.

سەرچاوە 9To5Mac
بۆچونی تۆ