10
ئەپڵ 28, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

چیدیکە جۆنی ئایڤ بەشێک نییە لە کۆمپانیای ئەپڵ

لە دوای ئەوەی لە مانگی 6 ـی ئەمساڵدا، جۆنی ئایڤ بەڕێوەبەری دیزاینی کۆمپانیای ئەپڵ بڕیاری وازهێنانی دا لە کۆمپانیاکە، ئێستا چیدیکە بەشێک نییە لە کۆمپانیای ئەپڵ.

کۆمپانیای ئەپڵ لە پەڕەی ڕابەرایەتی بەشەکانی کۆمپانیاکەیدا لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی، ناوی جۆنی ئایڤی بەڕێوەبەری پێشووی دیزاینی کۆمپانیاکەی سڕییەوە و لە پاڵ ڕابەری بەشەکانی دیکەی کۆمپانیاکەدا نەما. ئەمەش بە مانای وازهێنانی یەکجاری جۆنی ئایڤ دێت لە کۆمپانیای ئەپڵ و چیدیکە جۆنی بەشێک نییە لە کۆمپانیای ئەپڵ.

سەبارەت بە بەڕێوەبەری دیزاینی نوێی کۆمپانیاکە، پێناچێت تاوەکو ئێستا کەس بۆ ئەو پلەیە دیاری کرابێت، بە هۆی ئەوەی لە ئێستادا کەس بەدی ناکرێت لە پەڕەی ڕابەرایەتی بەشەکانی ئەپڵ وەکو بەڕێوەبەری دیزاینی کۆمپانیاکە.

جۆنی ئایڤ لە ساڵی 1992 ـدا پەیوەندی بە کۆمپانیای ئەپڵەوە کرد و لە ساڵی 1996 ـدا وەکو ڕابەری گرووپی دیزاینی کۆمپانیاکە دیاری کرا. لە ڕابردوودا لە نزیکەوە کاری لەگەڵ ستیڤ جۆبسی بەڕێوەبەری پێشووی کۆچکردووی ئەپڵدا کردووە و دەگوترێت پەیوەندی هاوڕێیەتیشیان زۆر پتەو ببوو.

جۆنی ئایڤ ڕۆڵێکی باڵای هەبوو لە دیزاینکردنی دواین نەوەی ئامێرەکانی ئایفۆن، ئایپاد، ئایپۆد، ماک، ماکبووک و زیاتر. ئەمە لە پاڵ هەبوونی ڕۆڵی باڵای لە دیزاینکردنی دواین وەشانەکانی iOS ـدا.

هۆکاری بەجێهێشتنی جۆنی ئایڤ لە کۆمپانیای ئەپڵ، بە هۆی درووستکردنی کۆمپانیایەکی تایبەتی خۆی بە دیزاینکردن بوو بە ناوی LoveFrom. بە پێی وتەی تیم کووک، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ئەپڵ بێت، کۆمپانیای ئەپڵ دەبێتە کڕیاری ژمارە یەکی کۆمپانیاکەی جۆنی و پەیوەندی ئەپڵ و جۆنی بە شێوەیەکی هەمیشەی دەمێنێتەوە، بەو شێوەیەی کە لە ناو خودی کۆمپانیاکە هەیبوو لە ڕابردوودا. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە خۆشحاڵانە، جۆنی ئایڤ ڕۆڵی دەبێت لە دیزاینکردنی ئامێرەکانی داهاتووی کۆمپانیاکەدا.

ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر کۆمپانیاکەی جۆنی ئایڤە، LoveFrom. هیوا هەیە کە جۆنی و ئەپڵ درێژە بە پەیوەندییە دێرینەکەی نێوانیان بدەن. بەڵام بەشی خۆی پرسیار لەسەر داهاتووی دیزاینی ئەپڵ درووست دەبێت و نەبوونی جۆنی لە ناو خودی ئەپڵ بە بڕی پێویست کاردانەوەی نەرێنی درووست دەکات. ڕەنگە جۆنی ئایڤ ڕۆڵی لە دیزاینکردنی ئۆتۆمبێلی داهاتووی ئەپڵ بە ناوی Apple Car هەبێت، کێ دەزانێت؟

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ