10
ئامێرە هەمەجۆرەکان 1, كانونی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

یاریدەدەری دەنگی Siri ـی Apple Watch دەبێتە هۆی شەرمەزارکردنی بێژەرێک لە پەخشی ڕاستەوخۆدا

ڕۆژانە گوێمان لە ڕووداوە ڕزگارەکان دەبێت بە هۆی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch ـەوە. بەڵام، ئەمجارە ڕووداوێکی سەمەرە بە هۆی کاتژمێرە زیرەکەکەوە لە پەخشی ڕاستەوخۆی یەکێک لە کەناڵە ئاسمانییە بەناوبانگەکاندا ڕوویدا.

لە پەخشێکی ڕاستەوخۆی چەند ڕۆژێک لەمەوبەری کەناڵی BBC ـدا، پێشکەشکار Tomasz Schafernaker سەرقاڵی گواستنەوەی پڕۆگرامی تایبەت بە کەشوهەوا بوو. Schafernaker باسی بەفربارین و دۆخی ساردی ژمارەیەک ناوچەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای دەکرد، بەڵام یاریدەدەری دەنگی Siri ـی Apple Watch بیرۆکەیەکی دیکەی هەبوو لەم بارەوەیە.

لەو کاتەدای کە Schafernaker باسی کەشوهەوای ساردی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای دەکرد، ڕایگەیاند کە ڕەنگە ئەو شەپۆلە سەرما و بەفربارینە، کیشوەری ئەوروپاش بگرێتەوە، بەڵام یاریدەدەری دەنگی Siri ـی Apple Watch ـەکەی بە شێوەیەکی کتوپڕ ڕایگەیاند کە هیچ حاڵەتێکی بەفربارین لە ناوچەکەدا (ئەوروپا) ڕوو نادات.

ئەم کردارەی Siri ـی Apple Watch ـەکەی Schafernaker، بووە هۆکاری سەرسوڕماندنی خۆی و پێوەی دیار بوو کە شڵەژا. هەرچەندە ویستی کە بە زوویی ئەو حاڵەتە پەردەپۆش بکات، بەڵام ئامادەبووی پڕۆگرامەکە نەیویست ئەو حاڵەتە پەردەپۆش بکرێت و ڕایگەیاند: “وابزانم بەفربارین لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات”. Schafernaker بۆ ئەمە وەڵامی پێ بوو و ڕایگەیاند: “بەڵێ، ڕەنگە ئەو (Siri) نەزانێت کە قسە دەربارەی چ ناوچەیەک دەکەم”.

ئەمە کورتە ڤیدیۆی ڕوودانی حاڵەتەکە بوو لە پەخشە ڕاستەوخۆکەی BBC ـدا:

https://twitter.com/bbcweather/status/1200078178808713216

لە دوای ڕوودانی ئەو حاڵەتە و تەواوبوونی پڕۆگرامەکە، پێشکەشکار Schafernaker لە هەژماری خۆی لە تویتەر کاردانەوەی سەبارەت بەو کردارەی Siri هەبوو و دەربارەی ڕوودانی ئەوە، ئەپڵی لۆمە کرد.

ڕەنگە پرسیارت بۆ درووست ببێت کە ئاخۆ شتێکی لەو جۆرە چۆن ڕوویدا؟ چەند گریمانەیەک هەن بۆ ئەوەی کە ڕووداوێکی لەو شێوەیە ڕووبدات. یەکەم، ڕەنگە Apple Watch ـەکە گوێی لە ڕستەیەکی نزیک لە “Hey Siri” بووبێت. دووەم، ڕەنگە پێشکەشکارەکە کتوپڕ کرتەی لە دوگمەی Digital Crown کردبێت و Siri ـی چالاک کردبێت. سێیەم، لە Apple Watch ـدا بژاردەیەک هەیە بە ناوی “Raise to speak”، لە ڕێگەی کارابوونی ئەو بژاردەیەوە، دەتوانیت بە هەڵبڕینی دەستت قسە بۆ Siri بکەیت و ئەویش فرمانەکانت جێبەجێ بکات.

بۆچونی تۆ