گووگڵ
4, تشرینی یەکەم 2023
یاریدەدەری کەسی گووگڵ لەگەڵ چاتبۆتی بارد تێهەڵکێش دەکرێت

لە میانەی کۆنگرەی ئەمڕۆ و لەگەڵ نمایش کردنی زنجیرە مۆبایلی گووگڵ پێکسڵ 8 و کاتژمێری زیرەکی Pixel Watch 2، گووگڵ نوێکردنەوەیەکی گرنگی بۆ Google Assistant (یاریدەدەری کەسی) گووگڵ ڕاگەیاند. ئێستا یاریدەدەرە کەسییەکە لەگەڵ چاتبۆتی بارد تێهەڵکێش کراوە. وەشانە نوێیەکە زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنێت بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی کەسی بۆ بەکارهێنەران. کۆمپانیاکە دەڵێت یاریدەدەرە نوێیەکە شتگەلێکی نوێ ئەنجام دەدات وەک یارمەتیدان لە پلاندانان بۆ گەشتی داهاتوو، دۆزینەوەی وردەکارییەکان لە ئیمەیڵەکەتدا، تەنانەت دروستکردنی لیستی خواردن.
هاوشێوەی بارد لەسەر وێب، ئەم یاریدەدەرە نوێیەش تێهەڵکێش کراوە و دەستگەیشتنی هەیە بە ئەپەکانی گووگڵ وەکو Gmail و Docs بۆ یارمەتیدان لە دۆزینەوە و کورت کردنەوەی زانیارییەکان. دەتوانیت لە ڕێگەی دەق، دەنگ، یان وێنەوە کارلێک لەگەڵ ئامرازەکەدا بکەیت، و هێشتا هەندێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی یاریدەدەری کەسی بەردەستە کە ڕێگەت پێدەدات هەندێک شتی وەک ناردنی نامەیەکی کورت ئەنجام بدەیت.

تەنانەت دەتوانێت ژێرنووس(کاپشن) و هاشتاگ بۆ وێنەیەک دابنێت. لە ئێستادا تایبەتمەندییەکە لە ژێر تاقیکردنەوەدایە و لە چەند مانگی داهاتوودا بۆ ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس بەردەست دەبێت.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.