سامسۆنگ 4, كانونی دووه‌م 2020

ساڵی پار سامسۆنگ 6.7 ملیۆن مۆبایلی پشتگیر لە 5G ـی فرۆشتووە

ساڵی پار، ساڵی سەرهەڵدانی مۆبایلە پشتگیر لە 5G ـەکان بوو، بەڵام پێشوازییەکی زۆریان لێ نەکرا، ئەمەش ئاساییە و چونکە تەکنەلۆژیاکە تاوەکو ئێستاش بە پێی پێویست بەربڵاو نییە. بەڵام ساڵی پار بۆ سامسۆنگ ساڵێکی ناوازە بووە.

کۆمپانیای سامسۆنگ لە بڵاوکراوەیەکدا بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە ساڵی پار توانیویانە 6.7 ملیۆن مۆبایلی پشتگیر لە 5G لە سەرانسەری جیهاندا بفرۆشن، ژمارەکە کەمە، بەڵام زیاتر بووە لەوەی کە پێشبینی دەکرا. تاوەکو کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی IFA 2019 ـی مانگی 9 ـی ساڵی ڕابردوو، سامسۆنگ تەنها 2 ملیۆن مۆبایلی پشتگیر لە 5G ـی فرۆشتبوو، هەروەها پێشبینی دەکرا تاوەکو کۆتایی ساڵەکە 4 ملیۆن لەو جۆرە مۆبایلانەی بفرۆشێت.

ئەم ژمارەیە زۆر زیاترە لە هەموو ئەو کۆمپانیایانەی دیکە کە مۆبایلە 5G ـییەکانیان فرۆشتووە. سامسۆنگ دەیەوێت بەردەستکردنی مۆبایلە پشتگیر لە 5G ـییەکان لە بازاڕەکاندا بۆ ئەمساڵ بۆ سەروو 53.9% بەرز بکاتەوە.

پێشبینی دەکرێت 2020 ساڵی بەربڵاوی مۆبایلە پشتگیر لە 5G ـەکان ببێت، بە پێچەوانەی ساڵی پارەوە، کە تەنها ژمارەیەک کۆمپانیای کەم مۆبایلیان بە هەبوونی ئەو تەکنەلۆژیایە بەردەست دەکرد. بەڵام سوپاس بۆ پڕۆسێسەری Snapdragon 865، ئەمساڵ مۆبایلە 5G ـییەکان زۆر زۆر زیاتر دەبن.

چاوەڕوان دەکرێت مۆبایلە نوێیەکانی Galaxy S20 (یاخود ناوی هەرچییەکی دیکە بێت)، خاوەن جۆری پشتگیر لە 5G نەبن، بەڵکو هەموو جۆرەکانی پشتگیری لە تەکنەلۆژیاکە بکەن. بێگومان ئەمە بۆ مۆبایلە نوێیەکانی Galaxy Note 11 و ئەوانی دیکەش هەمان شت دەبێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ