رەقەکاڵا 6, كانونی یه‌كه‌م 2019

کوالکۆم پڕۆسێسەرەکانی Snapdragon 8c و 7c ـی تایبەت بە لاپتۆپەکان ڕاگەیاند

کوالکۆم بۆ ماوەی چەند ساڵێکە گەشە بە پڕۆسێسەرەکانی ARM دەدات بۆ لاپتۆپەکانی Windows. وە لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی Snapdragon Tech Summit ـدا، کۆمپانیاکە پڕۆسێسەرەکانی Snapdragon 8c و 7c ـی تایبەت بە لاپتۆپەکان ڕاگەیاند.

هەردوو پڕۆسێسەرەکانی Snapdragon 8c و Snapdragon 7c بە تایبەتی بۆ لاپتۆپە ARM ـەکانی Windows دیزاین کراون. پڕۆسێسەری 8c وەکو جێگرەوەیە بۆ پڕۆسێسەری Snapdragon 850. پڕۆسێسەری Snapdragon 7c ـیش زنجیرەیەکی نوێی پڕۆسێسەری کۆمپانیاکەیە بۆ لاپتۆپەکان.

پڕۆسێسەری Snapdragon 8c بە ڕێژەی 30% خێراترە لە چاو Snapdragon 850 و خاوەن یەکەی ناوەکی Kryo 490 و گرافیکی Adreno 675 و مۆدیەمی X24 LTE ـە، هەروەها بەرهەمهێنەران دەتوانن مۆدیەمی X55 5G ـی لەسەر جێگیر بکەن.

پڕۆسێسەری Snapdragon 7c هەنگاوێک لە چاو Snapdragon 8c ـەوە کەمترە. پڕۆسێسەرەکە خاوەن یەکەی هەشت ناوکی Kryo 468 و گرافیکی Adreno 618 و X15 LTE ـە، ئەم پڕۆسێسەرە خاوەن بژاردەی نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G نییە. پڕۆسێسەری Snapdragon 7c خاوەن خێرایی زیاترە بە ڕێژەی 25%.

تاوەکو ئێستا هیچ کۆمپانیایەک جێگیرکردنی پڕۆسێسەرە نوێیەکانی کوالکۆمی لەسەر لاپتۆپەکانی ڕانەگەیاندووە، کە گرنگترین ئەو ئامێرانەی دەبووایە پڕۆسێسەرەکانیان لەسەر جێگیر بکرایە بریتی بوون لە Surface Pro X و Galaxy Book S، کە تاوەکو ئێستا هیچیان بەردەست نەکراون و ڕەنگە بەر لە بەردەستبوونیان، یەکێک لە پڕۆسێسەرە نوێیەکانیان لەسەر جێگیر ببێت.

بێگومان، لە ساڵی داهاتوودا ئامێری زیاتر دەبینین کە پڕۆسێسەرەکانی Snapdragon 8c و Snapdragon 7c ـیان لەسەر جێگیر بکرێت. مایەی خۆشحاڵییە کە کوالکۆم توانای دابینکردنی باشترین پڕۆسێسەرەکانی هەیە بۆ ئامێرە ARM ـەکان.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ