ئەپڵ 8, كانونی یه‌كه‌م 2019

ئەپڵ ڕێکەوتی بەردەستکردنی کۆمپیوتەری Mac Pro ـی ئاشکراکرد

لە پاش ئەوەی کە لە کۆنگرەی WWDC ـی مانگی 6 ـی ئەمساڵدا، کۆمپانیای ئەپڵ کۆمپیوتەری ئاست بەرز و گرانبەهای Mac Pro ـی لەگەڵ مۆنیتەری Pro Display XDR ـدا ڕاگەیاند، خۆشحاڵانە ئێستا دەزانین کەی بەردەست دەکرێن.

کۆمپانیای ئەپڵ دەستیکرد بە ڕەوانەکردنی ئیمەیڵ بۆ ژمارەیەک کڕیار و تێیدا ڕایگەیاندووە کە کۆمپیوتەری Mac Pro لە ڕێکەوتی 10 ـی ئەم مانگەدا بەردەست دەبێت بۆ فرۆشتن بە شێوەی داواکردنی پێشوەختە، لە پاشان و لە ڕێکەوتی 21 ـی ئەم مانگەدا کۆمپیوتەر و مۆنیتەرەکە دەگات بە دەستی کڕیارە پێشوەختەکان و لە کۆگا فەرمییەکانی کۆمپانیاکەدا بەردەست دەکرێن بۆ فرۆشتن. ئەمە ئیمەیڵێکی ئەپڵە کە ڕەوانەی یوتیوبەری بەناوبانگی Marques Brownlee ـی کردووە.

https://twitter.com/MKBHD/status/1203480428751048705

لە سەرەتادا، ئەپڵ بە تەواوی ڕێکەوتی ئاشکراکردنی کۆمپیوتەر و مۆنیتەرە گرانبەهاکەی ئاشکرا نەکرد، تەنها ڕایگەیاند کە لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا بەردەست دەکرێن. زۆرێک لە پێگەکان لە مانگی ڕابردوودا ئاشکرایان کرد کە ئەپڵ لەم مانگەدا کۆمپیوتەر و مۆنیتەرەکە بەردەست دەکات.

هەرچەندە کە لە ڕێکەوتی 10 ـی ئەم مانگەدا بەردەست دەبن بۆ فرۆشتن بە شێوەی داواکاری پێشوەختە، تاوەکو دەگات بە دەست کڕیارە پێشوەختەکان، کاتێکی زۆر دەخایەنێت.

کۆمپیوتەری Mac Pro نرخی 5,999$ ـە، کە خاوەن ڕامی 32 گێگابایتی پڕۆسێسەری 8 ناوەکی Intel Xeon و گرافیکی Radeon Pro 580X و بیرگەیەکی ناوەکییە بە قەبارەی 256 گێگابایت لە جۆری SSD. مۆنیتەری Pro Display XDR ـیش نرخی 4,999$ ـە و قەبارەی 32 ئینجە. ڕاگر (ستاند) ـێکیش بۆ مۆنیتەرەکە بە 999$ بەردەست دەبێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ