ئای ئۆ ئێس 10, كانونی یه‌كه‌م 2019

ئەپڵ وەشانەکانی iOS 13.3 و iPadOS 13.3 ـی بە ژمارەیەک نوێکارییەوە بەردەستکردن

هەر وەکو چاوەڕوان دەکرا، کەمێک بەر لە ئێستا ئەپڵ وەشانەکانی iOS 13.3 و iPadOS 13.3 ـی بە ژمارەیەک نوێکارییەوە بەردەستکردن، لە پاڵ بەردەستکردنی وەشانەکانی tvOS 13.3 و watchOS 6.1.1 ـیشەوە.

قەبارەی وەشانی iOS 13.3 بۆ iPhone X نزیکەی 410 مێگابایت دەبێت و بۆ ئایفۆنە نوێ و کۆنەکانی دیکە قەبارەی کەمتر و زیاترە. لە وەشانە نوێیەکاندا، تایبەتمەندییەکی نوێ بە ناوی Communication Limits بۆ بەشی Screen Time لە ئەپی Settings زیاد کراوە کە ڕێگە دەدات کات سنووردار بکەیت بۆ کەسانی دیکە، ئەمە زیاتر بۆ دایکان و باوکان بە سوودە.

تایبەتمەندییەکی نوێی دیکە لە وەشانەکەدا، بریتییە لە زیادکردنی دوگمەیەکی تایبەت بە کوژاندنەوەی لەزگەکانی Memoji و Animoji لە بەشی تەختەکلیلدا، لە کاتێکدا کە لە سەرەتادا ئەم لەزگانە بە شێوەی بنەڕەتی لە تەختەکلیلدا کارا دەبوون و نەدەتوانرا بکوژێندرێنەوە.

نوێکارییەکی دیکە بریتییە لە زیادکردنی پشتگیری کلیلە فیزیاییەکانی FIDO2 بۆ وێبگەڕی Safari لە ڕێگەی دەرچەی Lightning یان USB یان تەکنەلۆژیای NFC ـییەوە.

هەرچی دەربارەی نوێکارییەکانی دیکەن، بریتین لە چاککردنی ژمارەیەک هەڵە و کەم و کورتی و باشترکردنی توانستی سیستەم، نوێکردنەوەی ژمارەیەک بەشی Apple News، باشترکردنی بارگاویکەرەوەی بێوایەر و زیاتر.

چۆنیەتی نوێکردنەوەی وەشان لە iOS:

  • کردنەوەی ئەپی Settings
  • کردنەوەی بەشی General
  • کردنەوەی بەشی Software Update
  • کرتە کردن لە Download and install

تێبینی بۆ نوێکردنەوەی وەشان:

  • پێویستە وزەی پاتری ئامێرەکەت لە 50% زیاتر بێت.
  • پێویستت بە ئینتەرنێتی وایفای هەیە بۆ نوێکردنەوەی وەشان.
بۆچونی تۆ