ئەپڵ 18, كانونی یه‌كه‌م 2019

کۆمپیوتەری Mac Pro ـی ئەپڵ ئاسانترین ئامێرە بۆ چاککردنەوە و گۆڕینی ڕەقەکاڵاکان

تیمی iFixit لە دواین چالاکییاندا کۆمپیوتەری ئاست بەرز و گرانبەهای Mac Pro ـی ئەپڵیان هەڵوەشاند و کۆمپیوتەرەکە توانی خاڵی 9 لە 10 ـی تیمەکە بە دەست بهێنێت بە هۆی ئاسانی لە چاککردنەوە و گۆڕینی ڕەقەکاڵاکانی.

تیمی iFixit ڕایگەیاند کە پارچە ڕەقەکاڵاکانی کۆمپیوتەرەکە ئاسانن بۆ لێکردنەوە و زۆرێک لە پارچەکان دەتوانرێت بەبێ یارمەتی هیچ ئامرازێک لێبکرێنەوە، تەنانەت زۆرێک لە پارچەکان دەتوانرێت ڕاستەوخۆ لێبکرێنەوە.

ئاسانکاری لە چاککردنەوە و گۆڕینی ڕەقەکاڵاکانی کۆمپیوتەرەکە جێگەی بایەخە کە لە لایەن ئەپڵەوە ئەنجامدراوە. دواین مۆبایلی ئەپڵ (iPhone 11 Pro Max) توانی خاڵی 6 لە 10 وەربگرێت لە لایەن تیمەکەوە بۆ ئاسانی لە چاککردنەوە و گۆڕینی ڕەقەکاڵاکانی، تەنانەت دواین لاپتۆپەکانی کۆمپانیاکە خاڵی زۆر کەمتریان وەرگرتبوو. دواین مۆدێلی لاپتۆپی MacBook Air ـی ئەپڵ خاڵی 3 لە 10 ـی وەرگرتبوو لە لایەن تیمەکەوە.

لە لایەک دیکەوە، کۆمپیوتەری Mac Pro تەنها ئاسانکاری ئەنجام نەداوە لە لێکردنەوەی پارچەکاندا، تەنانەت ئاسانکاری کردووە لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەکان و بەرزکردنەوەی زۆرێک لە پارچە ڕەقەکاڵاکانی. پێگەی 9to5Mac لە پێشوودا سەرکەوتوو بوون لە گۆڕینی ڕامی کۆمپیوتەرەکە بۆ ڕامێکی لایەنی سێیەمین (ساختە/درووستنەکراو لە لایەن ئەپڵ) ـەوە.

لە پاڵ هەبوونی ئەم هەموو خاڵە ئەرێنییانەوە، تەواوی لایەنەکانی کۆمپیوتەرەکە جێگەی دڵخۆشی نین. تیمی iFixit ئاماژەی بەوە کردووە کە بیرگەی SSD ـی کۆمپیوتەرەکە چیپی T2 ـی ئەپڵ بەکاردەهێنێت، هەر بۆیە ئەستەم دەبێت هەندێک لە پارچەکانی کۆمپیوتەرەکە لە بازاڕدا بدۆزرێنەوە، یاخود نرخیان زۆر گران دەبێت.

ئەمە هەنگاوێکی تاوەکو بڵێی مەزنە لە لایەن ئەپڵەوە، لەو کاتەوەی کە کۆمپیوتەری Mac Pro ـی لە ساڵی 2013 ـەدا ڕاگەیاندبوو، هەرچەندە ئەو مۆدێلەی کۆمپیوتەرەکەش خاڵی 8 لە 10 ـی وەرگرتبوو و هێشتا لە دواین لاپتۆپەکانی کۆمپانیاکە باشترە.

نرخی کۆمپیوتەری Mac Pro لە 5,999$ ـەوە دەستپێدەکات و لە ئێستادا بەردەستە بۆ کڕین، بەڵام ئەمە دواین نرخی نییە و نرخی تاوەکو 52,599$ دەڕوات.

هەروەها خوێنەربە:

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ