ئای ئۆ ئێس 15, كانونی یه‌كه‌م 2019

ئەپی نوێی Rewound ئایفۆنەکەت دەکات بە ئایپۆدی کۆن

ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان ویستبووت کە دووبارە ئایپۆدی کۆن بگریتەوە دەست، ئێستا ئەپێکی نوێ ئایپۆدی کۆن دەهێنێتەوە سەر ڕوونما هەستیارەکەی ئایفۆنەکەت.

ئەپێکی نوێ بە ناوی Rewound ـەوە لە کۆگای App Store ـی ئەپڵدا بەردەستکرا کە وا دەکات ئایفۆنەکەت لە شێوەی ئایپۆدی کۆندا بەکاربهێنیت. ئەپەکە تایبەتە بە کارپێکردنی میوزیکەکان و ڕووکاری لە شێوەی ئایپۆدە کۆنەکاندایە، ئەو ئایپۆدانەی کە تایبەت بوون بە کارپێکردنی میوزیک و گۆرانییەکان. خاوەنی ژمارەیەک ڕووکاری نایاب و تایبەتمەندی کورتە هەززەی Haptic Feedback ـە کە لە کاتی دەستدان لە دوگمەکاندا هەستی پێ دەکرێت.

پێویست بەوە ناکات کە میوزیک هاوردەی ئەپەکە بکرێت، چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ ئەپی Apple Music ـدا دەبەستێت و میوزیکەکان لەو ئەپەوە هاوردە دەکات. گەشەپێدەری ئەپەکە بەڵێن دەدات کە هاودەمیکردنی ئەپی Spotify ـیش بۆ ئەپەکە زیاد بکات.

ئەپی Rewound لە لایەن گەشەپێدەر Louis Anslow ـەوە درووست کراوە. بە پێی وتەی خۆی بێت، زیاتر لە ساڵێک دەبوو کاری لەسەر درووستکردنی ئەپەکە کردبوو. ئامانج لێی گەڕاندنەوەی دوگمە *نۆستالجیاییەکانی ئایپۆدی کۆنی ئەپڵە بۆ ئایفۆن. هەروەها گەشەپێدەرەکە بە پێگەی The Verge ـی ڕاگەیاندووە کە بەمزووانە ویدجێت بۆ ئەپەکە زیاد دەکات و دەتوانرێت لە بەشی ویدجێتەکانی iOS ـەوە ئەپەکە بەکاربهێندرێت.

Anslow تاکە گەشەپێدەر نییە کە کاری لەسەر درووستکردنی ئەپێکی هاوشێوە کردبێت، لە ماوەی ڕابردوودا گەشەپێدەرێک بە ناوی Elvin Hu، کە خوێندکاری دیزاینە لە زانکۆی Cooper Union ـی شاری نیویۆرک، کاری لەسەر ئەپێکی هاوشێوە کرد بە هەبوونی تایبەتمەندی Cover Flow ـی ئەپڵەوە، بەڵام بە داخەوە ئەپڵ ئەپەکەی ڕەتکردەوە بە بیانووی مافی لەبەرگرتنەوەی تایبەتمەندی Cover Flow، هێشتا کاری لەسەر دەکات و نازاندرێت کە داهاتووی ئەپەکە بەرەو کوێ دەڕوات.

دەتوانیت لە ڕێگەی دوگمەکەی خوارەوە ئەپی Rewound بۆ ئایفۆنەکەت دابگریت بە خۆڕایی.

  • Rewound
    دابەزاندن
  • *نۆستالجیا: گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو لە ڕێگەی بینین یاخود بیستنی شتێکی پەیوەندیدار کە ئەنجامت داوە یاخود ڕووی داوە بەسەرتدا.

    بۆچونی تۆ