ئەندرۆید 16, كانونی یه‌كه‌م 2019

چیدیکە مۆبایلە ئەندرۆیدە نوێیەکانی وڵاتی تورکیا خاوەن کۆگای Google Play و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی گووگڵ نابن

کۆمپانیای گووگڵی ئەمریکی بە فەرمی ڕایگەیاند کە ئەو مۆبایلە ئەندرۆیدە نوێیانەی لە وڵاتی تورکیا دەفرۆشرێن، چیدیکە خاوەنی مۆڵەتی بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکانی Google Mobile Services کە کۆگای Google Play و سەرجەم خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی دیکەی گووگڵ دەگرێتەوە، نابن.

هۆکاری پێنەدانی مۆڵەتی Google Mobile Services بۆ مۆبایلە ئەندرۆیدە نوێیەکان لە لایەن گووگڵەوە کە لە وڵاتی تورکیا دەفرۆشرێن، دەگەڕێتەوە بۆ سزادانی کۆمپانیای گووگڵ لە لایەن حکومەتی تورکیاوە بە بڕی 93 ملیۆن لیرە (17.4 ملیۆن دۆلار) بە هۆی ڕێگەنەدانی گووگڵ بە گۆڕینی بزوێنەری سەرەکی گەڕانی سیستەمی ئەندرۆید و گۆڕینی بۆ بزوێنەری گەڕانی Yandex. دواجار حکومەتی تورکیا پشتی Yandex ـی گرت و ئەو سزایەی بەسەر گووگڵدا سەپاند. گووگڵیش بە ئەنجامدانی ئەمە دەیەوێت تۆڵەی خۆی بکاتەوە.

ئەو مۆبایلە ئەندرۆیدانەی کە ئێستا لە وڵاتی تورکیادا کار دەکەن، دەتوانن بەردەوام ببن لە بەکارهێنانی کۆگای Google Play و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی دیکەی گووگڵ، بەڵام ڕەنگە لە داهاتوودا ئەمانەش کێشەیان بۆ درووست ببێت.

گووگڵ دەڵێت لە ئێستادا گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەتی تورکیادا هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەی نێوانیان، دەنگۆش هەیە کە داوا لە حکومەتی تورکیا کراوە تاوەکو بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە.

لەوە تێدەگەین کە پێنەدانی مۆڵەتی خزمەتگوزارییەکانی Google Mobile Services بەو مۆبایلە ئەندرۆیدانەی کە لە تورکیا دەفرۆشرێن بۆ بەکارهێنەران، بەرهەمهێنەران و گەشەپێدەری ئەپەکان قورس دەبێت. لەو بڕوایەداین کە بەمنزیکانە بگەینە ئەنجام لەگەڵ حکومەتی تورکیادا.

-کۆمپانیای گووگڵ

لە ساڵی 2017 ـەدا، حکومەتی تورکیا دادگایکردنی بۆ شکایەتێکی کۆمپانیای Yandex ئەنجامدا و سەرئەنجام لە ڕێکەوتی مانگی 9 ـی ساڵی ڕابردوودا، دۆخەکە بە دژی گووگڵ شکایەوە. لە دوای ئەو دادگایکردنە، مۆڵەتی 6 مانگ درا بە گووگڵ تاوەکو کەموکورتییەکانی نێو شکایەتەکە چارەسەر بکات، کە ڕێگەپێدانی گۆڕینی بزوێنەری سەرەکی گەڕانی سیستەمی ئەندرۆید بوو. بەڵام گووگڵ گوێی بەو بڕیارە نەدا و بە بڕی 17.4 ملیۆن دۆلار سزادرا.

سەرچاوە The VergeGSMArena
بۆچونی تۆ