10
ئەپڵ 27, كانونی یه‌كه‌م 2019

یەکەمین ڕێندەرەکانی iPad Pro ـەکانی ساڵی داهاتوو بڵاوکرانەوە و وا دیارە خاوەن 3 کامێرا دەبن لە پشتەوە

لە پێشوودا ژمارەیەک دەنگۆی زۆر کەم بوونیان هەبوون کە باسیان لەوە دەکرد iPad Pro ـەکانی ساڵی داهاتوو لە پشتەوە خاوەن 3 کامێرا دەبن، بەڵام باوەڕپێنەکراو بوون. دووبارە هەمان دەنگۆ سەری هەڵدایەوە، بەڵام ئەمجارە ڕێندەرەکان لەبەر دەستدان تاوەکو باوەڕیان پێ بکەین.

بەڕێز Steve H. McFly لە تویتەر، ناسراو بە Onleaks، ژمارەیەک وێنەی ڕێندەری iPad Pro ـی 11 و 12.9 ئینجی بڵاوکردۆتەوە کە گوایە ئەمانە دیزاینی نەوە نوێیەکەی ئامێرەکە دەبن. دیزاینی iPad Pro ـەکانی نێو ڕێندەرەکان هیچ جیاوازییەکی وەهایان نییە لە چاو دواین نەوەی، تەنها ئەوە نەبێت کە لە پشتەوە خاوەن 3 دانە کامێرای شێوە ڕیزکراوی هاوشێوەی iPhone 11 Pro ـن. ئەمەش دووپاتی دەکاتەوە کە iPad Pro نوێیەکان لە پشتەوە خاوەن 3 دانە کامێرا دەبن.

بە پێی OnLeaks بێت، iPad Pro ـی 11 ئینجی نوێ خاوەن پێوانەی 248 بە 178.6 بە 5.9 دەبێت، هەمان پێوانەی نەوەی پێشووتری ئامێرەکە.

ئەوەی جێگەی بایەخە، گوایە ئەم ڕێندەرانە دزەپێکراون و لەسەر بنەمای پێشبینی درووست نەکراون. هەمان سەرچاوە، ئاشکرای کردووە کە iPad Pro نوێیەکان لە مانگی 3 ـی ساڵی داهاتوودا ڕادەگەیەندرێن.

بە شێوەیەکی گشتی، ئەپڵ لە مانگی 3 ـدا ئایپادە ئاست بەرزەکان ڕاناگەیەنێت، بەڵام لە بیری نەکەین کە iPad 10.2 لەگەڵ ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵدا ڕاگەیاندرا، هەر بۆیە ڕێی تێ دەچێت کە iPad Pro نوێیەکان لە مانگی 3 ـی ساڵی داهاتوودا ڕابگەیەندرێن.

هەروەها ئەپڵ بە گشتی نەوە نوێیەکانی iPad Pro لە مانگی 9 ـدا ڕادەگەیەنێت، ناوازە دەبێت گەر ئەمە لە سەرەتاکانی ساڵی داهاتوودا ڕووبدات.

هیچ زانیارییەکی وەها لەسەر ئەم iPad Pro نوێیانە لە بەردەستدا نین، بەڵام بە پێی کات گرنگرین زانیارییەکانیان بەردەست دەبن.

سەرچاوە 9To5MacGSMArena
بۆچونی تۆ