ئامێرە هەمەجۆرەکان 30, كانونی یه‌كه‌م 2019

شاومی کاتژمێری زیرەکی Xiaomi Mi Watch Color ـی بە ڕوونمایەکی بازنەییەوە ڕاگەیاند

لە دوای ڕاگەیاندنی یەکەمین کاتژمێری زیرەکی خۆیەوە بە ناوی Mi Watch لە ماوەی ڕابردوودا، شاومی کاتژمێری زیرەکی Xiaomi Mi Watch Color ـیشی بە دیزاینێکی جیاوازەوە ڕاگەیاند.

ڕاگەیاندنەکەی شاومی بە بێ ئاشکراکردنی نرخ و تایبەتمەندییەکانی کاتژمێرە زیرەکەکە بوو، بەڵام ئاشکرای کرد کە لە ڕێکەوتی 3 ـی مانگی داهاتووی ساڵی نوێدا بەردەست دەکرێت. بە پێی وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی بێت لە لایەن شاومییەوە، خاوەن ڕوونمایەکی بازنەیی دەبێت بە قەبارەی 1.39 ئینج و بە وردی نیشاندانی 454 بە 454 پێکسڵ. پێدەچێت پشتگیری لە پێوانەکردنی وەرزشەکان بکات و خاوەن هەستەوەری خوێندنەوەی ترپەی دڵیش ببێت.

بە پێی ئەوەی خاوەن دەستبەندی ڕەنگاوڕەنگ دەبێت، ڕێگە بە بەکارهێنەر دەدات شێوەی کاتژمێرەکەی لەگەڵ ڕەنگی دەستبەندەکەیدا بگونجێنیت. پێدەچێت بە ڕەنگەکانی زیوی و ئاڵتونی و ڕەشەوە بەردەست بکرێت.

هەر وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێکرد، نرخی نەزاندراوە، بەڵام لەگەڵ دەستکەوتنی زانیاری پێویستدا، ئەم بابەتە نوێ دەکرێتەوە یاخود لە بابەتێکی دیکەدا زانیارییەکان دەخەینە بەردەستتان.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ