ئامێرە هەمەجۆرەکان 8, ئازار 2020

سامسۆنگ زنجیرە تەلەفزیۆنە زیرەکە 4K و 8K QLED ـەکانی ئەمساڵی بەردەست دەکات

بە شێوەیەکی فەرمی، کۆمپانیای سامسۆنگ ڕایگەیاند کە دەستیان کردووە بەردەستکردنی زنجیرە تەلەفزیۆنە زیرەکە QLED ـەکانی ئەمساڵیان.

بۆ یەکەمجار لە پێشانگای CES 2020 ـی سەرەتای ئەمساڵدا، کۆمپانیا کۆرییەکە زنجیرە تەلەفزیۆنە زیرەکە QLED ـەکانی ئەمساڵی خۆی ڕاگەیاندن، تێیدا تەلەفزیۆنی Q950TS بوونی هەیە، کە خاوەن ڕوونمایەکی تەواو بێ لێوار و دیزاینێکە بە ناوی “infinity screen” و ڕوونی ڕوونماکەی 8K ـییە.

Q950TS
Q950TS

ڕوونی سەرجەم تەلەفزیۆنە زیرەکە نوێیەکانی کۆمپانیاکە 4K و 8K ـین، هیچ ساڵێک هێندەی ئەمساڵ سامسۆنگ ئەوەندە تەلەفزیۆنی زیرەکی 8K ـی بەردەست نەکردووە، کە خۆی لە 3 زنجیرەدا دەبینێتەوە. هەرچی دەربارەی گرنگترین تەلەفزیۆنە زیرەکەکانی دیکەیە، Q60T و Q70T بوونیان هەن، کە خۆگونجاندنی ڕێکخستنەکانی وێنەیان لەگەڵ ژووردا بۆ زیاد کراوە.

بە شێوەیەکی گشتی، سامسۆنگ لە تەلەفزیۆنە زیرەکەکانی ئەمساڵدا گرنگییەکی زۆری بە جۆرایەتی دەنگ داوە و سەرجەمیان خاوەن بڵندگۆی ناوەکی ئاستبەرزن. هەروەها زنجیرەی Q80 خاوەن تەکنەلۆژیایەکە بە ناوی Object Tracking، کە دەنگەکان بە شێوەیەکی خودکارانە لە چواردەوری تەلەفزیۆنەکە دەگوازێتەوە لەسەر بنچینەی ڕووداوەکانی دیمەنەکانی ڕوونماکە و دەیکات بە 3D.

هەروەها تەلەفزیۆنە زیرەکە نوێیەکان خاوەن تایبەتمەندییەکن بە ناوی Ambient Mode ـەوە، کە وا لە ڕوونمای تەلەفزیۆنەکان دەکات وەکو دیکۆر دەربکەون بە هۆی گونجاندنی ڕەنگی ڕوونما لەگەڵ دیوارەکەی پشت و چواردەوریدا.

ئەمانە ناو و قەبارە و نرخی هەندێک لە تەلەفزیۆنە زیرەکەکانی ئەمساڵی سامسۆنگن:

8K

  • Q950TS: قەبارە 65 و 75 و 85 ئینج
  • Q900TS: قەبارە 65 و 75 و 85 ئینج
  • Q800T: قەبارە 65 ($3,500) و 75 ($5,000) و 82 ($7,000) ئینج

4K

  • Q90T: قەبارە 55 و 65 ($2,500) و 75 و 85 ئینج
  • Q80T: قەبارە 49 ($1,100) و 55 ($1,300) و 65 ($1,800) و 75 ($2,800) و 85 ($4,000) ئینج
  • Q70T: قەبارە 55 ($1,000) و 65 ($1,300) و 75 ($2,200) و 82 و 85 ($3,300) ئینج
  • Q60T: قەبارە 43 و 50 و 55 و 58 و 65 و 75 و 85 ئینج

لە ئێستادا تەلەفزیۆنە زیرەکە ناوبراوەکان بەردەستن بۆ کڕین لە ماڵپەڕی فەرمی سامسۆنگ.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ