جۆراوجۆر 31, كانونی یه‌كه‌م 2019

22 گرنگترین ڕووداوی تەکنەلۆژی ئەم دەیەیە

ئەمڕۆ کۆتا خۆری ساڵ، هەروەها دەیەی 2010 ـمان ئاوا کرد. لە ماوەی ئەم 10 ساڵەدا، زۆر شت گۆڕان و ڕوویاندا، هەر لە مانەوەی ستیڤ جۆبس وەکو بەڕێوەبەڕی ئەپڵ لە ماوەیەکی کەمی ئەو دەیەیە، گەشەکردنی سیستەمی Android و فەیسبووک و زیاتر.

بە گەڕانەوە بۆ 10 ساڵی ڕابردوو، بۆمان دەردەکەوێت کە هەندێک ڕووداوی تەمومژاوی ڕوویاندا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو لە نێو خەڵکی سەرانسەری جیهاندا تەشەنەیان کرد، تاوانە ئەلکترۆنییەکان و کەلێنە ئاسایشییەکان زیادیان کرد، هەروەها ژمارەیەک سەکۆ لەناوچوون و بە کۆمەڵێکی نوێ جێگەیان کرانەوە.

ئەمانە گرنگترین 22 گرنگترین ڕووداوی تەکنەلۆژی ئەم دەیەیەن کە لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا ڕوویاندا:

2010

  • کانوونی دووەم:
    • کۆمپانیای Google وڵاتی چینی بە جێهێشت:

کۆمپانیای ملیاردێری ئەمریکی، Google، بڕیاریدا بە یەکجاری لە چین دەربچێتە دەرەوە بە هۆی کێشەی سیاسی لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەدا.

  • حوزەیران:
    • ڕاگەیاندنی iPhone 4:

سەرهەڵدانی شۆڕشی مۆبایلە زیرەکەکان لە ساڵی 2007 ـەوە دەستی پێکرد، لەو کاتەوەی لەو ساڵەدا یەکەمین نەوەی ئایفۆن بە ڕوونمایەکی هەستیارەوە ڕاگەیاندرا. بەڵام، بە جدی ئەم شۆڕشە لە ساڵی 2010 و ساتی ڕاگەیاندنی iPhone 4 ـەوە دەستی پێکرد. ئەم ئایفۆنە خاوەن دیزاینێکی نوێ، ڕوونمایەکی گەورەتر، کامێرای پێشەوە (سێڵفی) بوو. لە پاش ئەم ڕاگەیاندنەوە، ئیدی کۆمپانیاکانی دیکە ڕکابەرییەکانیان لە جیهانی مۆبایلە زیرەکەکاندا دەستپێکرد.

  • ئاب:
    • لەناو بردنی خزمەتگوزاری Google Wave:

لە دوای تێپەڕبوونی تەنها 1 ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی خزمەتگوزاری Google Wave ـی تایبەت بە دەستکاریکردنی نووسین و ڕەنگاڵەکانەوە لە لایەن گووگڵەوە، بە داخەوە، کۆمپانیاکە بڕیاریدا خزمەتگوزارییەکە لەناو ببات.


2011

  • حوزەیران:
    • خزمەتگوزاری Twitch ـی تایبەت بە پەخشە ڕاستەوخۆکان ڕاگەیاندرا.

  • تەموز:
    • خزمەتگوزاری Spotify لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەستکرا:

بە بەردەستکردنی خزمەتگوزاری Spotify ـی تایبەت بە میوزیکەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بووە هۆکاری گۆڕینی شێوازی گوێگرتن لە گۆرانی بەکارهێنەرانی ناوچەکە بۆ شێوازی سەرهێڵی. هەرچەندە خزمەتگوزاری هاوشێوەی وەکو Pandora و SoundCloud لەو ماوەیەدا بوونیان هەبوون، بەڵام Spotify توانی بە تەواوەتی خۆی بناسێنێت.

  • کانوونی یەکەم:
    • مردنی ستیڤ جۆبس، بەڕێوەبەری گشتی پێشووی ئەپڵ:

هیچ شتێک لەم دەیەیەدا هێندەی مردنە لە ناکاوەکەی ستیڤ جۆبس کاریگەر نەبوو، کە بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەی پەنکریاسەوە کۆچی دوایی کرد، بەڵام دەنگۆی زۆر جیاواز هەن سەبارەت بە هۆکاری مردنەکەی. لەو کاتەدا، ستیڤ جۆبس وەکو پایەی کۆمپانیای ئەپڵ وابوو، کەس هیچ بیرۆکەیەکی نەبوو کە داهاتووی کۆمپانیای ئەپڵ بە بێ ستیڤ جۆبس بەرەو کوێ دەڕوات.

بەڵام بە گەڕانەوە بۆ ئەم چەند ساڵە کەمەی ڕابردوو، بۆمان دەرکەوت کە مردنەکەی ستیڤ جۆبس نەبووە هۆی لەناوچوونی ئەپڵ، تەنانەت وەستان لە گەشەکردنیشی. ئامێری iPad کۆتا بەرهەمی مەزنی ئەپڵ نەبوو، iPhone 4 کۆتا باشترین نەوەی ئایفۆنی کۆمپانیاکە نەبوو. تیم کوک هاتە جێگەکەی ستیڤ جۆبس و سووکانەکەی گرتە دەست، کە ئەپڵی زیاتر و زیاتر بەرەو پێش برد و کردییە یەکەمین پڕداهاتترین کۆمپانیای ئەمریکی.


2012

  • نیسان:
    • کۆمپانیای فەیسبووک تۆڕی کۆمەڵایەتی Instagram ـی کڕییەوە.

 

  • مایس:
    • بەناوبانگ بوونی زنجیرە فیلمەکانی Avengers:

هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی زنجیرە فیلمەکانی Avengers ـەوە، تەنانەت خودی کۆمپانیای بەرهەمهێنەر ترسی لە سەرنەکەوتنی ئەم پڕۆژەیە هەبوو. بەڵام، ئەوە ڕووی نەدا کە چاوەڕوان دەکرا، زنجیرە فیلمەکانی Avengers ناوبانگی لە تەواوی زنجیرە فیلمەکانی دیکە زیاتر درووست کرد و ملیۆنان هەواداری لە خۆی کۆکردەوە. هەروەها، بووە هۆکارێکی کردنە هەوادارانی فیلمە خەیاڵییەکان بە دوو بەشی Avengers و DC ـەوە. ئێستاش فیلمی (Avengers: Endgame (2019 پڕداهاتترین فیلمی جیهانە.

  • ئەیلوول:
    • سەرهەڵدانی تۆڕی Tinder:

لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم ئەپەدا، ئاڕاستەی ژوان دانان لە ئینتەرنێتدا بە تەواوەتی گۆڕا و بووە هۆی درووستکردنی پەیوەندی لە نێوان دەیان هەزار کەسدا.


2013

  • مایس:
    • کۆمپانیای Adobe خزمەتگوزاری Adobe Creative Cloud ـی ڕاگەیاند:

کاتێک کە ئەپی Photoshop CS6 لە ساڵی 2012 ـدا ڕاگەیاندرا، نرخی 700$ بوو، کە نرخێکی ئێجگار زۆر بوو و زۆرێک نەیاندەویست ئەو پارە زۆرە بدەن بۆ ئەپێک، هەر بۆیە کراک کردن و بڵاوبوونەوەی کۆپی دزراوی ئەپەکە ئێجگار زیادی کرد. ئەمەش Adobe ـی ناچار کرد کە ئەپەکانی بە شێوەی بەژداریکردنی مانگانە بدات بە کرێ بە بەکارهێنەران لە ڕێگەی خزمەتگوزاری Adobe Creative Cloud ـەوە.


2014

  • کانوونی دووەم:
    • کۆمپانیای فەیسبووک خزمەتگوزاری نامەبەری WhatsApp ـی کڕی.

 

  • شووبات:
    • کۆمپانیای Amazon بۆ یەکەمجار نرخی بەژداریکردنی خزمەتگوزاری Prime ـی زیادکرد.

 

  • تشرینی دووەم:
    • ڕاگەیاندنی ئامێری یاریدەدەری دەنگی Amazon Echo:

لەو کاتەدا یاریدەدەرە دەنگییەکان لە هەموو شوێنێک بوون، لە نێو تەلەفۆنەکانمان، ئۆتۆمبێلەکانمان، تەلەفزیۆنەکانمان، ئامێری یاریدەدەری دەنگی Amazon Echo بووە هۆی پەرەسەندنی زیاتری یاریدەدەرە دەنگییەکان. هەروەها بە یەکێک لە بەرهەمە سەرکەوتووەکانی کۆمپانیای Amazon هەژمار دەکرێت.


2015

  • تشرینی یەکەم:
    • کۆمپانیای Google ڕێگەی دا نابینایان ئۆتۆمبێل لێبخوڕن:

لە ڕۆژێکی خۆرهەتاوی کانوونی دووەمی ساڵی 2015، بەڕێز Steve Mahan بووە یەکەمین پیاوی نابینا کە ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت لەسەر شەقامێکی گشتی، سوپاس بۆ ڕاگەیاندنی ئۆتۆمبێلێکی خۆلێخوڕ لە لایەن Google ـەوە.

  • کانوونی یەکەم:
    • بۆ یەکەمجار کۆمپانیای SpaceX کەشتییەکی ئاسمانی لەسەر زەوی نیشتانەوە:

بە درێژایی مێژوو، هەرگیز هیچ کەشتییەکی ئاسمانی لە دوای فڕینی بۆ ئاسمان، نە دەتوانرا بگەڕێندرێتەوە بۆ سەر زەوی. بەڵام، کۆمپانیای SpaceX بە سەرکردایەتی ئیڵۆن مەسک، لە دوای چەند هەوڵدانێک یەکەمین کەشتی ئاسمانی لە دوای فڕینی نیشتانەوە بۆ سەر زەوی.


2017

  • ئادار:
    • دەرکەوت کە فەیسبووک زانیاری بەکارهێنەرانی تۆڕەکەی بە زانکۆی Cambridge دەدات.

 

  • حوزەیران:
    • کۆمپانیای Amazon توانی کۆمپانیای Whole Foods بکڕێت.

2018

  • ئەیلوول:
    • ئیڵۆن مەسک جریوەی دەربارەی پارێزراوی Tesla دەکرد، بەڵام وا دەرنەچوو:

لە کۆتاییەکانی ساڵی 2018 ـەدا، ئیڵۆن مەسک، بەڕێوەبەری کۆمپانیای Tesla ـی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، بە بەردەوامی جریوەی دەربارەی پارێزراوی کۆمپانیاکە دەکرد. بەڵام چەند مانگێک دواتر، Tesla بڕی 20 ملیۆن دۆلاری بە حکومەتی ئەمریکا دا، وەکو سزایەک سەبارەت بە دۆسیەیەکی پارێزراوی.


2019

  • کانوونی دووەم:
    • خزمەتگوزاری Spotify پۆدکاستەکانی زیادکرد:

خزمەتگوزاری Spotify وەستا لەوەی کە ناوی خۆی بە خزمەتگوزاری تایبەت بە میوزیک ناوزەند بکات، بڕیاریدا کە پۆدکاستەکان بۆ خزمەتگوزارییەکەی زیاد بکات و خۆی بە خزمەتگوزارییەکی دەنگی ناوزەند بکات.

  • ئادار:
    • ئەپڵ بارگاویکەرەوەی بێوایەری AirPower ـی ڕەتکردەوە:

لە کۆتاییەکانی 2017 ـەدا، کۆمپانیای ئەپڵ ئامێری بارگاویکەرەوەی بێوایەری AirPower ـی ڕاگەیاند. ئامێرەکە لە دوای ڕاگەیاندنی بەردەست نەکرا و ڕێکەوتی بەردەست کردنیشی بە نادیاری مابووەوە. هەرگیز چاوەڕێ نەدەکرا کە ئەمە ڕووبدات؛ ئەپڵ ڕایگەیاند کە هەرگیز بارگاویکەرەوە بێوایەرەکە بەردەست ناکات، بە هۆکاری ئەوەی کە ئامێرەکە نەبووە هۆی ڕەزامەندی ئەپڵ لە جۆرایەتیدا.

  • حوزەیران:
    • کۆمسیۆنی فیدڕاڵی پەیوەندییەکان بڕیاریدا بە بلۆک کردنی ژمارە تەلەفۆنە بێزارکەرەکان.

 

  • کانوونی یەکەم:
    • Larry Page و Sergey Brin، دامەزرێنەرانی کۆمپانیای Google، لە کۆمپانیاکە وازیان هێنا.

هیوای ساڵێکی خۆشتان بۆ دەخوازین.

بۆچونی تۆ