ئەپڵ
2, کانوونی دووەم 2020
دەنگۆ: ئەپڵ 2 دانە جۆر بە قەبارەی جیاوازەوە لە مۆبایلی iPhone SE 2 ڕادەگەیەنێت

هەبوونی دەنگۆکان لەسەر نەوەی دووەمی iPhone SE، مێژوویەکی زۆر درێژی هەیە. ئێستاش بۆ دووبارە دەنگۆیەکی نوێ سەبارەت بە iPhone SE 2 بوونی هەیە، بەڵام لە هەموو دەنگۆکانی ڕابردوو جیاوازترە.
پێگەی DigiTimes لە نوێترین ڕاپۆرتیدا بە پشتبەستن بە زانیاری لە لایەن دابینکەرێکی ئەپڵەوە، ڕایگەیاندووە کە iPhone SE 2 ـی نوێ بە 2 جۆری نوێوە ڕادەگەیەندرێت و قەبارەی هەردوو جۆرەکە جیاواز دەبن.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت جۆری ڕوونمای یەکێک لە iPhone SE 2 ـە نوێیەکان، OLED دەبێت و ئەوی دیکەشیان LCD دەبێت، هەروەها قەبارەی جۆرە OLED ـەکە 4.7 ئینج دەبێت بە بێ هەبوونی چوارچێوە و قەبارەی جۆرە LCD ـەکەش 5.5 یاخود 6.1 ئینج دەبێت.
لە پێشوودا پێشبینیکەری بەناوبانگ، Ming-Chi Kuo، ڕایگەیاندبوو کە تەنها 1 جۆر لە مۆبایلی iPhone SE 2 ڕادەگەیەندرێت بە هەبوونی دیزاینێکی هاوشێوەی iPhone 8 و هەبوونی هەستەوەری ناسێنەرەوەی پەنجەمۆر و پڕۆسێسەری A13 و ڕامێک بە فراوانی 3 گێگابایت، هەروەها ڕەنگی سووریش یەکێک دەبێت لە بژاردەی ڕەنگەکانی.
کاتێک کە Kuo ڕایگەیاند iPhone SE 2 ـە نوێیەکە لە مانگی 2 ـی ئەمساڵدا ڕادەگەیەندرێت، ڕاپۆرتەکەی DigiTimes دەڵێت iPhone SE 2 ـە نوێیەکان لە کۆتاییەکانی ئەمساڵ یاخود سەرەتای ساڵی داهاتوودا ڕادەگەیەندرێن.
پێویستە ئەوە ڕەچاو بکەین کە پێگەی DigiTimes زۆر لە دابینکەرەکانی ئەپڵەوە نزیکە و زۆرینەی زانیارییەکانی لە ماوەی ڕابردوودا ڕاست دەرچوون. Kuo ـیش بە هەمان شێوەی پێشبینیکەرێکی بەناوبانگە و ژمارەیەکی زۆر لە پێشبینییەکانی ڕاست دەرچوون لە ڕابردوودا.
بەڕێز Kuo لە پێشوودا ڕایگەیاندبوو کە پێشبینی دەکات ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ قەبارەیان 5.4 و 6.1 و 6.7 ئینج ببن، هەروەها سەرجەمیان پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکەن.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.