گەرمترین 4, كانونی دووه‌م 2020

وەنپڵەس ئاشکرای کرد کە OnePlus Concept One چی دەبێت

لە ماوەی ڕابردوودا، کۆمپانیای وەنپڵەس ڕایگەیاند کە 7 ـی ئەم مانگەدا بۆنەیەکی تایبەت لە ژێر ناوی OnePlus Concept One لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی CES 2020 ـدا لە شاری لاس ڤێگاسی ویلایەتی نیڤادای ئەمریکا ئەنجام دەدات. هەرچەندە دەگوترا کە ئەو مۆبایلەی وەنپڵەس لە بۆنەکەیدا نمایشی دەکات، مۆبایلێکی چەماوەیی دەبێت، بەڵام ئێستا شتەکان کەمێک ڕوون بوونەوە، هەرچەندە هێشتا نازانین کە مۆبایلەکە چەماوەیی دەبێت یاخود نا.

هەژماری فەرمی کۆمپانیای وەنپڵەسی چینی لە تویتەر بۆ یەکەمجار وردەکاری دەربارەی ناوی OnePlus Concept One ئاشکرا کرد. جریوەیەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوە ناوی مۆبایلێک دەبێت بە خاوەن کامێرای نادیارەوە، واتا کامێراکانی شاراوە دەبن و دیار نابن، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن جۆرە شووشەیەک دەبێت لە پشتەوەیدا کە ڕەنگەکەی بۆ چەند ڕەنگێکی دیکە دەگۆڕێت. جریوەکە ڤیدیۆیەکیشی لەگەڵدایە و بۆ کەمێک ڕوونی دەکاتەوە کە دیزاینەکەی چۆن دەبێت.

سەبارەت بە کامێرایە نادیارەکانی، بە هۆی شووشە نادیارەکەیەوە ڕوودەدات، کە پێکسڵەکانی لە جۆری LCD دەبن. ئەمە دیزاینێکی تەواو تاریک و نادیار دەبەخشێت بە مۆبایلەکە. بۆ زانینی چۆنیەتی نادیاربوونی کامێراکان بە هۆی ئەو جۆرە شووشەیەوە، سەیری ئەم ڤیدیۆیە بکە:

وەنپڵەس کاری لەگەڵ کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێل، McLaren ـدا کردووە بۆ باشترکردنی تەکنەلۆژیای شووشەی پشتەوەی مۆبایلی OnePlus Concept One. بەمەش پێدەچێت شووشەی پشتەوەی خاوەن ڕەنگی پڕتەقاڵی ببێت و لە کاتی جوڵاندنی مۆبایلەکە بەدیار بکەوێت.

ئەمە هەموو ئەو شتانەن کە تاوەکو ئێستا دەربارەی OnePlus Concept One لەبەر دەستتدان. هەرچی دەربارەی تایبەتمەندییەکانی دیکە و نرخییەتی، تاوەکو ئێستا بە نادیاری ماونەتەوە. بەڵام تەنها 3 ڕۆژمان ماوە بۆ نمایشکردنی مۆبایلەکە.

وا بڕیارە کۆنگرەی CES 2020 لە ڕێکەوتی 7 ـی ئەم مانگەدا دەست پێبکات و ماوەی 3 ڕۆژ بخایەنێت.

سەرچاوە The VergeGSMArena
بۆچونی تۆ