ئامێرە هەمەجۆرەکان 5, كانونی دووه‌م 2020

سامسۆنگ پشتڕاستی کردەوە کە تەلەفزیۆنی داهاتوویان تەلەفزیۆنێکی تەواو بێ لێوار دەبێت

پڕوپاگەندەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو ئاماژەیان بەوە دەکرد کە سامسۆنگ لە کۆنگرەی CES 2020 ـی چەند ڕۆژی داهاتوودا، تەلەفزیۆنێکی تەواو بێ لێوار ڕادەگەیەنێت. کۆمپانیا کۆرییەکە ئەمەی پشتڕاست کردەوە.

هەژماری فەرمی Samsung Korea لە تویتەر بە پشتڕاستی کردەوە کە تەلەفزیۆنی داهاتوویان، بریتی دەبێت لە تەلەفزیۆنێکی تەواو بێ لێوار بە ڕوونی 8K و ناوی Q950TS دەبێت. تەلەفزیۆنی Q950TS هەر خاوەن زۆرترین وردی نیشاندان نابێت، بەڵکو خاوەن دیزاینێکی نوێ دەبێت بە ناوی Infinity Design ـەوە. بێجگە لە هەبوونی لێوارێکی زۆر کەم لە خوارەوەی، هیچ چوارچێوەیەکی دیکەی نییە تاوەکو گفتوگۆی لەسەر بکەین، بە تەواوی بێ لێوارە!

لە ناوەوە، خاوەن پڕۆسێسەرێکە بە هەبوونی ژیری دەستکرد (AI) ـییەوە کە یارمەتی باشترکردنی ڕوونی 8K و پەیوەستبوونی تەلەفزیۆنەکە یاخود کارپێکردنی خزمەتگوزارییە پەخشکەرەکان لە ڕێگەی ئاریەلەوە دەدات. هەروەها، خاوەن تایبەتمەندییەکە بە ناوی “digital butler” ـەوە، کە سامسۆنگ دەڵێت ئەم تایبەتمەندییە یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی ئامێرەکانی Bluetooth و WiFi و تەنانەت ئامێرە پەیوەست نەبوو بە ئینتەرنێتەکانیش دەدات.

خاوەن تایبەتمەندییەکە بە ناوی Tap View ـەوە کە ڕاستەوخۆ ڕوونمای مۆبایلەکەت بۆ سەر تەلەفزیۆنەکە دەگوازێتەوە. بە شێوەیەکی بنچینەیی، پشتگیری لە یاریدەدەرە دەنگییەکانی Bixby و Google Assistant و Amazon Alexa دەکات.

بە هۆی تایبەتمەندی ScaleNet ـی ژیری دەستکردەکەیەوە، توانای پەخشکردنی دیمەنەکانی بۆ ئەو ڕایەڵانە دەبێت کە پشتگیری لە ڕوونی تاوەکو 4K دەکەن، ئەویش بە پەستاندنی ڕوونییە 8K ـەکان بۆ 4K و ڕاستەوخۆ پەخشکردنیان بۆ ڕایەڵەکە.

سوپاس بۆ تایبەتمەندی Object Tracking ـی ژیری دەستکردەکەی، دەنگەکان بە شێوەیەکی خودکارانە لە چواردەوری تەلەفزیۆنەکە دەگوازێتەوە لەسەر بنچینەی ڕووداوەکانی دیمەنەکانی ڕوونماکە.

ئەمانە هەموو زانیارییەکانن لەسەر تەلەفزیۆنەکە. وا بڕیارە سامسۆنگ ئەم تەلەفزیۆنە ناوازە لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی CES 2020 ـدا نمایش بکات، هەر بۆیە ئەوکات زیاتر دەبیستین.

وا بڕیارە کۆنگرەی CES 2020 لە ڕێکەوتی 7 ـی ئەم مانگەدا لە شاری لاس ڤێگاسی ویلایەتی نیڤادای ئەمریکا دەست پێبکات و ماوەی 3 ڕۆژ بخایەنێت و تاوەکو ڕێکەوتی 10 ـی هەمان مانگ بەردەوامی هەبێت.

سەرچاوە Engadget
بۆچونی تۆ