کۆمپیوتەر 6, كانونی دووه‌م 2020

کۆمپانیای HP لاپتۆپی Elite Dragonfly G2 ـی بە تایبەتمەندی دۆزەرەوەوە نوێکردەوە

وەکو هەمیشە، کۆمپانیای HP دەستێکی باڵای هەبووە لە نمایشکردنی بەرهەمەکانیدا لە پێشانگای CES 2020. لە میانەی بەڕێوەچوونی پێشانگاکەدا، کۆمپانیای HP لاپتۆپی Elite Dragonfly G2 ـی بە تایبەتمەندی دۆزەرەوەوە نوێکردەوە.

لاپتۆپی Elite Dragonfly G2 خاوەن مۆدیەم و چیپێکی باشتر، بیرگەی زیاتر، تەکنەلۆژیاکانی 5G و دۆزەرەوە (Tile Tracking) ـە. لە ڕووی دیزاین و قەبارەوە، هیچ جیاوازییەکی نییە بە بەراورد بە نەوەی پار ساڵ. خاوەن پڕۆسێسەری نەوەی دەیەمی Intel Core i3 یان i5 یان i7 دەبێت و خاوەن ڕامێکە بە قەبارەی 16 گێگابایت و بیرگەی ناوەکیش بە قەبارەکانی 1 و 2 تێرابایت.

لە ڕووی ڕایەڵەوە، 2 بژاردەی لێ بەردەست دەکرێت، یەکەم، بە خاوەن مۆدیەمی Qualcomm X55 LTE و دووەم، بە هەبوونی پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G. کۆمپانیاکە هیچ زانیارییەکی دەربارەی کۆمپانیا پەیوەندییە پشتگیرەکان و پاکێجەکان ئاشکرا نەکردووە.

ڕوونماکەی پشتگیری لە تایبەتمەندی UHD HDR 400 دەکات و جۆری کامێراکەی بە Privacy Camera ناو دەبرێت. پاترییەکەی بەرگەی 16.5 کاتژمێر تاوەکو 24 کاتژمێر لە بەکارهێنانی بەردەوام دەگرێت.

ئەوەی جێگەی ئاماژەپێکردنە، لاپتۆپەکە خاوەن تایبەتمەندییەکە بە ناوی Tile Tracking، کە ڕێگەت پێ دەدات بە بەردەوامی شوێنی لاپتۆپەکە بزانیت، بەمەش بە هیچ شێوەیەک دۆزینەوەی ئەستەم نابێت ئەگەر بدزرێت یاخود ون ببێت.

بەداخەوە، هەر وەکو نەوەی پێش خۆی، ئەمە بۆ کەسانی ئاسایی نییە و زۆر ئەستەم دەبێت ئەگەر پارەیەکی کەمت هەبێت و هەوڵی کڕینی بدەیت. کۆمپانیای HP هیچ وردەکارییەکی دەربارەی نرخ و ڕێکەوتی بەردەستکردنی لاپتۆپەکە ئاشکرا نەکردووە.

سەرچاوە The VergeEngadget
بۆچونی تۆ