ئامێرە هەمەجۆرەکان 7, كانونی دووه‌م 2020

کۆمپانیای Sony لۆگۆی فەرمی PlayStation 5 و چەند وردەکارییەکی دیکەی ئاشکرا کرد

لە میانەی بەڕێوەچوونی پێشانگای CES 2020 ـدا، کۆمپانیای Sony بۆ یەکەمجار لۆگۆی فەرمی PlayStation 5 و چەند وردەکارییەکی دیکەی ئاشکرا کرد.

کۆمپانیا ژاپۆنییەکە لە بۆنەکەدا کۆنگرەیەکی تایبەتی ڕێکخست و لەسەر سەکۆ لۆگۆی نەوەی داهاتووی PlayStation ـی ئاشکرا کرد بە ناوی PlayStation 5 (یاخود PS5)، لۆگۆکە دەقاودەق ئەوە بوو کە پێشبینی دەکرا، هەمان دیزاینی PlayStation 3 و PlayStation 4 ـی هەیە و تەنانەت فۆنتەکەشی یەک شتە، ئەوەی گۆڕاوە تەنها ژمارەکەیە، لە 4 ـەوە بووە بە 5.

وردەکارییەکانی نەوە نوێیەکەی PlayStation لە چەند مانگی ڕابردوودا بە شێوەیەکی کەم بڵاو دەبوونەوە و لە ڕابردوودا هەندێک زانیاریمان دەربارەی بیستبوو. کۆمپانیاکە ئاشکرای نەکرد کە شێوەی PlayStation 5 چۆن دەبێت، تەنانەت یەک وردەکاریشی سەبارەت بە PlayStation ـە نوێیەکە ئاشکرا نەکرد. بەڵام لە پێشوودا ڕایگەیاندبوو کە پشتگیری لە ڕوونی 8K دەکات و خاوەن بیرگەیەکی خێراتری SSD پڕۆسێسەری 8 ناوەکی دەبێت و توانای دەبێت یارییەکانی PS4 کار پێ بکات.

کۆمپانیاکە ڕێکەوتی بەردەستکردنی سەکۆی PlayStation 5 ـی ئاشکرا نەکرد، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لەمساڵدا و لە میانەی کۆنگرەی E3 لە شاری لۆس ئەنجلێس لە مانگی 6 ـدا Sony نەوە نوێیەکەی PlayStation ڕابگەیەنێت.

لە کۆنگرەکەی کۆمپانیاکە لە پێشانگای CES 2020 ـدا، ڕایگەیاند کە توانیویانە 5 ملیۆن دانە لە ئامێری PlayStation VR بفرۆشن لەو کاتەوەی لە مانگی 10 ـی 2016 بەردەست کرا، هەروەها توانیویانە 104 ملیۆن لە سەکۆی PS4 بفرۆشن لە کاتی بەردەستکردنیەوە تاوەکو ئێستا.

ئەمە هەموو ئەو شتانە بوون کە کۆمپانیا ژاپۆنییەکە لە کۆنگرەکە کورتەکەیدا ئاشکرای کردن.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ