ئۆتۆمبێل 7, كانونی دووه‌م 2020

کۆمپانیای Mercedes-Benz ئۆتۆمبێلێکی دیزاینکراوی لەسەر بنەمای فیلمی Avatar نمایشکرد

لە میانەی بەڕێوەچوونی پێشانگای CES 2020 ـدا، کۆمپانیای Mercedes-Benz ـی ئەڵمانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل، ئۆتۆمبێلێکی دیزاینکراوی لەسەر بنەمای فیلمی Avatar نمایشکرد.

ئۆتۆمبێلەکە نوێیەکەی کۆمپانیا ئەڵمانییەکە ناوی Mercedes-Benz Vision AVTR ـە و لەسەر بنەمای فیلمی Avatar 2009 دیزاین کراوە. کاری دیزاین کردنەکەی بە یارمەتی James Cameron، دەرهێنەری فیلمی Avatar ئەنجام دراوە. ئەم ئۆتۆمبێلە لە شێوەی نموونە نمایش کراوە و هەندێک لە بەشەکانی ناوەوەی تەواو نەکراوە. لە تەواوی پشتەوەی ئۆتۆمبێلەکەدا، 33 دانە تەرازووی پێکەوە نەبەستراو بوونی هەیە، کە Mercedes-Benz بە “bionic flaps” ناویان دەبات و دەڵێت بۆ مەبەستی مامەڵەکردنی خەڵک لە دەرەوەی ئۆتۆمبێلەکەدا بەکاردێن (لە ڕاستیدا، نازانین ئەمە چییە و چۆنە).

 

ویلی تایەکانی ئۆتۆمبێلەکە، لەسەر بنەمای داری Tree of Souls ـی نێو فیلمی Avatar دیزاین کراون. لە هەموو ڕوویەکەوە، ئەم ئۆتۆمبێلە خاوەن دیزاینێکی زۆر قەشەنگ و خەیاڵییە. بەڵام وەک هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی دیکە کە بە شێوەی نموونە نمایش کراون، وا دیارە تاوەکو داهاتوویەکی نزیک ناتوانین Vision AVTR ـیش لەسەر شەقامەکاندا ببینین.

لە ڕۆیشتنیشدا، بیرۆکەی فیلمی Avatar ـی تێدا بەکارهاتووە، بۆ نموونە؛ کاتێک سەرنشینێک دەچێتە نێو ئۆتۆمبێلەکەوە، ڕوونما بازنەییەکەی ناوەوەی بە ڕووناکی Pandora ـی نێو فیلمەکەوە دەدرەوشێتەوە.

کۆمپانیای Mercedes-Benz بە هیچ جۆرێک باسی ڕێکەوتی بەردەستکردن و نرخی ئەم ئۆتۆمبێلە خەیاڵییەی نەکرد، بەڵام وا دەرناکەوێت کە بە زوویی بەردەست بکرێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ