رەقەکاڵا 9, كانونی دووه‌م 2020

کۆمپانیای Samsung بیرگەی دەرەکی T7 Touch ـی لە جۆری SSD بە هەبوونی هەستەوەری پەنجەمۆرەوە نمایشکرد

لە میانەی بەڕێوەچوونی پێشانگای CES 2020 ـدا، کۆمپانیای Samsung بیرگەی دەرەکی T7 Touch ـی لە جۆری SSD بە هەبوونی هەستەوەری پەنجەمۆرەوە نمایشکرد.

بیرگەی نوێی Samsung T7 Touch لە جۆری SSD ـە. خاوەن هەستەوەری ئاسایشی پەنجەمۆرە لەسەر ڕووی پێشەوەی، کە زانیارییەکانت دەپارێزێت و بە بێ پەنجەمۆری خۆت، هیچ ئامێرێک توانای نییە بە تەواوەتی پەیوەستی بیرگەکە ببێت و زانیارییەکانی بخوێنێتەوە. بۆ کاراکردنی هەستەوەری پەنجەمۆرەکەشی، بێگومان پێویست دەکات لە ڕێگەی پڕۆگرامێکی تایبەتی خۆیەوە پەنجەت تۆمار بکەیت. بیرگە دەرەکییەکە بە قەبارەکانی 500 گێگابایت و 1 و 2 تێرابایتی بەردەست دەبێت.

کۆمپانیا کۆرییەکە بە تەنها سەرنجی نەخستۆتە سەر هەستەوەرە پەنجەمۆرەکەی، کە گرنگترین بەشیەتی، بەڵکو کاری تەواوەتی لەسەر خێراییەکەشی کردووە. بەرزترین خێرایی نووسینی زانیارییەکانی ئەم بیرگە دەرەکییە 1,000 مێگابایت/چرکەیە، وە بەرزترین خێراییشی بۆ خوێندنەوەی زانیارییەکان 1,050 مێگابایت/چرکەیە. بەمەش بە نزیکەیی دوو ئەوەندە لە بیرگەی T5 Touch خێراترە.

نرخی بیرگەی دەرەکی Samsung T7 Touch بە قەبارەی 500 گێگابایتەوە بە 129.99$ دەبێت، هەروەها بە قەبارەکانی 1 و 2 تێرابایتەوە بە 229.99$ و 399.99$ دەبێت. هاوکات وەشانێکیشی بەردەست دەکرێت کە بە بێ هەبوونی هەستەوەری پەنجەمۆرە. وا بڕیارە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا کۆمپانیای Samsung ئەم بیرگە دەرەکییە بەردەست بکات بۆ فرۆشتن.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ