هەواڵ 29, كانونی دووه‌م 2020

کۆمپانیای Foxconn: ڤایرۆسی کۆرۆنا کار لە بەرهەمهێنانی ئایفۆنەکان ناکات

دەنگۆ هەیە کە گوایە ئەو ڤایرۆسەی کە لە وڵاتی چین بڵاو بووەتەوە، کۆرۆنا، کار لە بەرهەمهێنانی iPhone 9 دەکات. هەر زوو کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەری بەرهەمەکانی ئەپڵ وەڵامی ئەو دەنگۆیەی دایەوە.

ئەمڕۆ کۆمپانیای بەرهەمهێنەری Foxconn ـی تایوانی، کە بەرهەمهێنەری سەرەکی ئایفۆنەکانی ئەپڵە، بڵاوکراوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە بەردەوام دەبن لە بەرهەمهێنانی ئایفۆنەکان و بەجێهێنانی خواستی داواکارییەکانی ئەپڵ، وە هیچ دەستکارییەکی کاتەکانی کارکردن ناکەن یاخود کارگەکانیان بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە داناخەن.

کۆمپانیای Foxconn کۆمپانیایەکی تایوانییە، بەڵام کارگەی سەرەکی لە شاری شەنگەهای وڵاتی چینە و بەرهەمهێنانەکانی لەو کارگەیەدا ئەنجام دەدات. شوێنی کارگەی ئەو کۆمپانیایە نزیکەی 500 کیلۆمەتر لە شاری Wuhan دوورە، ئەو شارەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا بڵاو بووەوە. کۆمپانیاکە ڕایگەیاند لە نزیکەوە چاودێری دۆخی تەندرووستی وڵاتەکە دەکەن و ڕەچاوی پشووە فەرمییەکانی وڵاتەکەش دەکەن.

لە ئێستادا هاوڵاتیان خەریکی ئاهەنگ گێڕانی سەری ساڵی چینین لە وڵاتی چین و بۆنەکە تاوەکو 2 ـی مانگی داهاتوو دەخایەنێت، بەڵام حکومەتی چین هاوڵاتیانی زۆرینەی ناوچەکانی چینی ئاگادار کردۆتەوە کە بە هیچ جۆرێک نەیەنە دەرەوە و لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و بۆنەکە ئەنجام بدەن.

ئەگەر ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر تەشەنە بسەنێت بۆ ناوچەکانی دیکەی چین، بێگومان کارگە بەرهەمهێنەرەکان ناچار دەبن کارکردن بوەستێنن، بەمەش کاریگەری لەسەر ئەپڵ و کۆمپانیاکانی دیکە دەبێت و بەردەستکردنی بەرهەمەکانیان دوا دەکەوێت.

ماوەی چەند ڕۆژێکە ڤایرۆسی جۆری 2019-nCoV لە خێزانی ڤایرۆسەکانی کۆرۆنا لە چەند ناوچەیەکی وڵاتی چین بڵاو بووەتەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 کەسی کوشتووە و هەزاران کەسیش تووشبوون لە ناوخۆی وڵاتەکەدا، هەروەها زیاتر لە 4,000 حاڵەتی تووشبوون لە سەرانسەری جیهاندا تۆمار کراوە و دەگوترێت لە هەرێمی کوردستانیش حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە بوونی هەیە.

تاوەکو ئێستا ئەپڵ هیچ لێدوانێکی سەبارەت بە ڤایرۆسەکە نەداوە، یاخود تا چەند کار لەسەر کردارەکانیان دەکات لە وڵاتی چیندا، لە کاتێکدا کە ئەپڵ زیاتر لە 10,000 کارمەندی فەرمی لە وڵاتی چیندا هەیە.

دەگوترێت ئەپڵ لە هەموو کاتێک زیاتر لە نزیکەوە چاودێری ئەو دۆخە نالەبارەی وڵاتی چین دەکات. هەروەک تیم کوک، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ئەپڵ، بە پێگەی Reuters ـی ڕاگەیاند کە زۆر لە نزیکەوە چاودێری دۆخی تەندرووستی وڵاتی چین دەکەن.

هاوکات بە هۆی ڤایرۆسەکەوە، دوێنێ کۆمپانیاکانی Facebook و Razer و LG ڕایانگەیاند کە ڕێگری لە گەشتکردنی کارمەندەکانیان دەکەن بۆ وڵاتی چین.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ