ئاسایشی ئەلیکترۆنی 16, كانونی دووه‌م 2020

ترەمپ دڵگرانە لە ئەپڵ لەبەر نەکردنەوەی قفڵی ئایفۆنی تاوانباران بۆ حکومەتی ئەمریکا

لە جریوەیەکی هەڕەشە ئامێزانەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نیگەرانی خۆی لە ئەپڵ دەربڕیوە کە گوایە کۆمپانیاکە داواکاری حکومەتی ئەمریکای جێبەجێ نەکردووە بۆ کردنەوەی قفڵی ئایفۆنی ژمارەیەک لە تاوانباران.

لە مانگی ڕابردوودا، حاڵەتێکی تەقەکردن لە شاری پێساکۆلای ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا ڕوویدا و تێیدا دوو تاوانبار دەستگیر کران. هەر لە دوای ئەم ڕووداوە، دەزگای FBI بە شێوەیەکی یاسایی داوای لە کۆمپانیای ئەپڵ کرد تاوەکو قفڵی ئایفۆنی ئەو دوو تاوانبارە بکاتەوە، بەڵام وا دیارە دەزگاکە نەیتوانیوە ئەپڵ ڕازی بکات بە کردنەوەی قفڵی ئایفۆنی ئەو دوو تاوانبارە. هەر سەبارەت بەمە، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ جریوەیەکی هەڕەشە ئامێزانەی لە تویتەردا بڵاوکردەوە. ئەمە جریوەکەیە:

جریوەکە بە کوردی:

ئێمە (حکومەتی ئەمریکا) هەموو کاتێک لە بازرگانی و زۆر شتی تردا یارمەتی ئەپڵ دەدەین، بەڵام هێشتا ئەپڵ ڕەتی دەکاتەوە کە قفڵی ئایفۆنی بکوژ، فرۆشی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانبارەکانی دیکەمان بۆ بکاتەوە. پێویستە هەر ئێستا هەنگاو بنێن بۆ یارمەتیدانی وڵاتەکەمان! “دووبارە درووستکردنەوەی ئەمریکای مەزن.”

-دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

بە تەواوی دیارە کە جریوەیەکی ترەمپ لە شێوەی هەڕەشەدایە بەرامبەر بە ئەپڵ، دەڵێت هەموو کاتێک لە بوارە جیاوازەکاندا یارمەتی ئەپڵیان داوە، بەڵام ئەپڵ ناتوانێت یارمەتی حکومەتی ئەمریکا بدات.

2 ڕۆژ پێش ئێستاش، بەڕێز William Barr، جەنەڕاڵی دادوەری ئەمریکا، ئەپڵی بە هەمان شت تۆمەتبار کرد. جەنەڕاڵەکە دەڵێت ئەپڵ هیچ پوختەیەکی فریاگوزاری بۆ دەزگای FBI بە مەبەستی کردنەوەی قفڵی ئایفۆنی تەقەکەرەکانی شاری پێساکۆلای دابین نەکردووە.

بەڵام، لە ڕاستیدا کردنەوەی قفڵی ئایفۆن هێندە ئاسان نییە، تەنانەت ئەگەر ئەپڵ ئەنجامدانی ئەم کارەی بۆ دەزگای FBI ڕەت کردبێتەوە، کە هێشتا ڕوون نییە. لە ساڵی 2016 ئەپڵ هەمان داواکاری حکومەتی ئەمریکای بۆ کردنەوەی قفڵی ئایفۆنی تەقەکەرێکی شاری San Bernadino ڕەت کردەوە، کە ئەمە بە شەڕێکی یاسایی نێوان ئەپڵ و حکومەتی فیدڕاڵی کۆتایی هات، لە کۆتایدا حکومەتی ئەمریکا هیچ پێویستییەکی بە ئەپڵ نەما و توانی ئایفۆنی تاوانبارەکە لە ڕێگەی ئامرازێکی لایەنی سێیەم تایبەت بە کردنەوەی قفڵ بکاتەوە.

لە سەرووی هەموو ئەمانەوە، پێدەچێت خودی ئەپڵ توانای کردنەوەی قفڵی ئایفۆنەکانی نەبێت، چونکە باک دۆری لە هەموو ئایفۆنەکاندا درووست نەکردووە تاوەکو ئەمە ڕووبدات، تەنانەت ئەگەر کردبێتیشی، دەبێتە ڕێگەیەکی زۆر سەرەکی هاککەران بۆ سوود وەرگرتن لێی.

بە پێی پێگەی The New York Times بێت، ئەپڵ خۆی بۆ شەڕێکی یاسایی زۆر نوێ لەگەڵ حکومەتی ئەمریکادا ئامادە کردووە سەبارەت بە شکاندنی یاسای ئاسایشی ئایفۆن و خواستی حکومەتەکە بۆ باک دۆر. لە زاری شارەزایەکی بواری ئاسایشەوە بێت بۆ پێگەکانی NYT و Bloomberg، زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت لە ڕێگەی ئامرازی لایەنی سێیەمەوە قفڵی ئایفۆنەکانی تەقەکەرانی شاری پێساکۆلا بکرێنەوە. هەردوو ئایفۆنەکەی تەقەکەرانی شاری پێساکۆلا لە باڵەخانەیەکدا شکێندران و هەوڵ دەدرا تاوەکو بە تەواوەتی لەکار بخرێن، بەڵام دەزگای FBI توانی ئایفۆنەکان بخاتەوە کار.

پێناچێت ئەپڵ هەرگیز بە داواکارییەکەی حکومەتی ئەمریکا و دەزگای FBI ڕازی ببێت، چونکە هەمیشە گرنگی بە ئاسایشی بەکارهێنەران داوە و نایەوێت لە سنوورەکانی خۆی دەربچێت، کە ئەمەشی لە ژمارەیەکی زۆری ڕێکلامە ڤیدیۆییەکانیدا لە ڕابردوودا دووپات کردۆتەوە.

ئەگەر ئەوە ڕاست بێت کە ئەپڵ سوودی لە ترەمپ وەرگرتووە لە ڕابردوودا، دۆخە خراپتر دەبێت و لەوانەیە داهاتووی ئەمە بگات بەوەی کە ئەپڵ بە داواکارییەکەی حکومەتی ئەمریکا و دەزگای FBI ڕازی ببێت.

کۆمپانیای ئەپڵ تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی بۆ جریوەکەی ترەمپ نەبووە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ