هەواڵ 20, كانونی دووه‌م 2020

هواوەی خزمەتگوزاری نەخشەیی کۆمپانیای TomTom بەکاردەهێنێت لە جیاتی Google Maps

بە پێی پێگەی Reuters بێت، کۆمپانیای هواوەی چینی ڕێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانیدا بە ناوی TomTom ئەنجامدا بە مەبەستی بەکارهێنانی خزمەتگوزاری نەخشەیی کۆمپانیا ئەڵمانییەکە بۆ مۆبایلەکانی.

لەمەودوا، وا پێناچێت کۆمپانیای هواوەی بەردەوام ببێت لە بەکارهێنانی خزمەتگوزاری نەخشەیی Google Maps و دەتوانێت دەست بکات بە بەکارهێنانی خزمەتگوزاری نەخشەیی کۆمپانیای TomTom بۆ ئەپەکانی. وتەبێژێکی کۆمپانیای TomTom بە پێگەی Reuters ـی ڕاگەیاندووە کە ئەم ڕێکەوتنە ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر ئەنجام دراوە، بەڵام هەفتەی ڕابردوو ئاشکرا کراوە.

لە سەرەتای درووستکردنی ئەپی نەخشەیی Apple Maps لە لایەن ئەپڵەوە، کۆمپانیای TomTom دابینکەری زانیارییە نەخشییەکانی ئەپەکەی ئەپڵ بوو، دەنگۆ هەیە کە گوایە هێشتا ئەپڵ بەردەوامە لە بەکارهێنانی زانیارییە نەخشەییەکانی کۆمپانیا ئەڵمانییەکە بۆ ئەپی نەخشەیی Apple Maps.

لە ماوەی ڕابردوودا، ڕاپۆرتەکان دەیانگوت کە هواوەی کار لەسەر خزمەتگوزارییەکی نەخشەیی تایبەت بە خۆی دەکات بە ناوی Map Kit ـەوە کە زانیارییە نەخشەییەکانی لە کۆمپانیای Yandex ـەوە وردەگرت. بە ئەنجامدانی ئەم ڕێککەوتنە، هواوەی هەنگاوێک دوورکەوتەوە لە درووستکردنی ئەم خزمەتگوزارییە.

وەکو هەموو مۆبایلە کارکردووەکانی دیکە بە Android، مۆبایلەکانی هواوەیش خاوەن ئەپی نەخشەیی Google Maps بوون. بەڵام سزاکەی حکومەتەکەی ترەمپ بۆ سەر کۆمپانیای هواوەی بە پاساوی سیخوڕیکردن بەسەر ڕاژەکانی ئەمریکاوە، بووە هۆی ئەوەی کە چیدیکە نەتوانێت مۆڵەتی بەکارهێنانی ئەپە سەرەکییەکانی گووگڵ بۆ مۆبایلەکەی وەربگرێت، لەوانە Google Maps ـیشی تێدا بوو.

کۆمپانیای هواوەی بەردەوامە لە بەکارهێنانی سیستەمی کارپێکەری Android بۆ مۆبایلە نوێیەکانی، بەڵام ڕوون نییە کە لەمە بەردەوام دەبێت یان نا. لە ئێستادا کۆمپانیا چینییەکە کار لەسەر درووستکردنی سیستەمی کارپێکەری تایبەت بە خۆی دەکات بە ناوی HarmonyOS. ئەم ڕێککەوتنەی لەگەڵ کۆمپانیای TomTom ـدا، پشتبەستنی کۆمپانیا چینییەکەی بە گووگڵ کەمتر کردەوە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ