سامسۆنگ 23, كانونی دووه‌م 2020

دەنگۆ: مۆبایلی Samsung Galaxy S20 Ultra خاوەن چوارچێوەی ستیل دەبێت

وا بڕیارە مانگی داهاتوو کۆمپانیای سامسۆنگ زنجیرە مۆبایلەکانی Galaxy S20 لە بۆنەیەکی تایبەتدا نمایش بکات، بەڵام دەنگۆ و دزەپێکراوەکان گوێ بەمە نادەن و درێژە بە بەردەوامبوونی خۆیان دەدەن.

بۆ زیاتر لە 5 ساڵ دەچێت کە سامسۆنگ ماددەی ئەلەمنیۆم بۆ چوارچێوەی مۆبایلەکانی زنجیرەی Galaxy S بەکاردەهێنت، دەیەوێت ئەمساڵ گۆڕانکاری لەمەدا بکات و بیکاتە سوپرایز بۆ هەوادارانی. بەڕێز Max Weinbach، نووسەر و دزەپێکەری پێگەی XDA Developers، لە جریوەیەکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر ڕایگەیاندووە کە مۆبایلی نوێی Samsung Galaxy S20 Ultra خاوەن ماددەی ستیلی بێ خەوش (Stainless-Steel) دەبێت بۆ چوارچێوەکەی، ئاشکرای نەکردووە کە ئەمە پێشبینی خۆیەتی یاخود زانیاری دزەپێکراوە، بەڵام شێوازی جریوەکەی بۆمان دەردەخات کە لەسەر بنەمای زانیاری دزەپێکراو ئەمەی ڕاگەیاندووە.

لە مۆبایلی iPhone X ـەوە تاوەکو iPhone 11 Pro، کۆمپانیای ئەپڵ ماددەی ستیلی بێ خەوش بۆ چوارچێوەی ئایفۆنە نوێیەکانی بەکاردەهێنێت، ئەمەش بە هۆی ئەوەی کە ماددەکە پتەوە و شوخت ناگرێتە خۆی.

بێگومان ئەم ماددەیە بێ کێشە نییە و یەکێک لە کێشەکانی ئەوەیە، کە کێشی زۆرە. ئەمە وا لە سامسۆنگ دەکات بە دوای ڕێگە چارەدا بگەڕێت، یاخود مۆبایلی Samsung Galaxy S20 Ultra دەکات بە مۆبایلێکی کێش زۆر.

وا بڕیارە لە ڕێکەوتی 11 ـی مانگی داهاتوودا، کۆمپانیای سامسۆنگ زنجیرە مۆبایلەکانی Galaxy S20 نمایش بکات.

بۆچونی تۆ