سامسۆنگ 25, كانونی دووه‌م 2020

ڕێندەرە فەرمییەکان و زانیارییەکانی مۆبایلەکانی Samsung Galaxy S20 دزەیان پێکرا

وا بڕیارە مانگی داهاتوو، کۆمپانیای سامسۆنگ زنجیرە مۆبایلە نوێیەکانی Samsung Galaxy S20 ڕابگەیەنێت، بەڵام تا دێت دزەپێکراو و دەنگۆیەکان دەربارەیان زیاتر و زیاتر پەرە دەستێنن.

لە ڕاپۆرتێکی نوێدا، پێگەی باوەڕپێکراوی 91Mobiles ڕێندەرە فەرمییەکان و ژمارەیەک زانیاری سەبارەت بە مۆبایلەکانی Samsung Galaxy S20 بڵاو کردۆتەوە. بە پێی ڕاپۆرتەکە بێت، مۆبایلەکانی Samsung Galaxy S20 و +Samsung Galaxy S20 خاوەن شووشەی جۆری 2.5D دەبن لە جیاتی شووشەی چەماوەیی 3D بۆ ڕوونماکانیان، بەڵام Galaxy S20 Ultra بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی شووشە چەماوەییەکە.

سەبارەت بە ڕێندەرەکان، پێگەکە دەڵێت فەرمین و مۆبایلەکان خاوەن ئەو دیزاینانە دەبن. ئەمە ڕێندەری مۆبایلی Samsung Galaxy S20 ـە، کە خاوەن ڕەنگێکی نوێیە بە ناوی شینی هەوریی (Cloud Blue)، وە لە پشتەوە خاوەن 3 دانە کامێرایە لە نێو لاکێشەیەکی ستوونی ڕەشدا و لە پێشەوەش خاوەن کامێرایەکە لەسەر چاڵی ژێر ڕوونماکەیدا.

ڕێندەری مۆبایلی +Samsung Galaxy S20 ـیش بڵاوکراوەتەوە و نیشانی دەدات کە لە پشتەوە خاوەن 4 دانە کامێرا دەبێت بە هەمان دیزاینی مۆبایلی Samsung Galaxy S20، وە خاوەن ڕەنگێکی خۆڵەمێشی دەبێت.

ئەو مۆبایلەی لەم زنجیرە نوێیەی گالەکسیدا جێگەی بایەخە، Samsung Galaxy S20 Ultra ـە، لە ڕێندەرەکاندا شێوەی جیاوازترە لە دوو جۆرەکەی دیکە. لە ڕێندەرەکاندا، مۆبایلی Samsung Galaxy S20 Ultra لە پشتەوە خاوەن 4 یان 5 کامێرایە کە دانەیەکیان لە جۆری دووربینە و توانای هەیە 100 هێندە دیمەنەکان نزیک بکاتەوە، کە پێدەچێت ڕوونیشی 108 مێگاپێکسڵ بێت، هەر وەکو ئەو زنجیرە دەنگۆیەی کە باسیان لێ دەکرد. دەتوانیت نووسینی “Space Zoom 100X” لە بەشی خوارەوەی چوارچێوەی کامێرای مۆبایلەکەدا بەدی بکەیت.

ئەم ڕاپۆرتە زانیارییەکانی مۆبایلی Samsung Galaxy S20 Ultra ـیشی بڵاوکردۆتەوە و ڕایگەیاندووە کە مۆبایلەکە خاوەن ڕوونمایەکی گەورە دەبێت بە قەبارەی 6.9 ئینج لە جۆری Infinity-O AMOLED و بە ڕوونی +FHD و چێوەی 20:9، خێراییەکەی 120 هێرتز دەبێت و ڕوونی کامێرای پێشەوەشی 40 مێگاپێکسڵ دەبێت. دەگوترێت خاوەن ڕامێک دەبێت بە فراوانی 16 گێگابایت و بیرگەیەکی ناوەکیش بە قەبارەی 512 گێگابایت.

چاوەڕوان دەکرێت مۆبایلەکان پڕۆسێسەرەکانی Snapdragon 865 و Exynos 990 ـیان بە پێی ناوچە جیاوازەکان لەسەر جێگیر بکرێت و سەرجەمیان پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G بکەن، هەروەها دەنگۆش هەیە کە سەرجەمیان خاوەن ڕامی 12 گێگابایت دەبن بە بێ هەبوونی بژاردەیەکی دیکەی ڕام.

سەبارەت بە نرخەکان، پێشبینی دەکرێت نرخی جۆری ئاسایی Samsung Galaxy S20 لە 899€ و 100€ زیاتر بۆ بژاردەی 5G دەست پێبکات، نرخی مۆبایلەکانی Samsung S20+ 5G و Samsung Galaxy S20 Ultra ـیش لە 1,099€ و 1,349€ ـەوە دەست پێبکەن لە بازاڕەکانی ئەوروپادا.

سەرچاوە GSMArena9To5Google
بۆچونی تۆ