ئەپڵ 27, كانونی دووه‌م 2020

10 ساڵ لەمەوبەر ستیڤ جۆبز یەکەمین نەوەی ئامێری Apple iPad ـی ڕاگەیاند: جیهانی تابلێتەکانی گۆڕی

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە ساڵی 2010 ـدا، ستیڤ جۆبز، بەڕێوەبەری گشتی ئەو کاتەی کۆمپانیای ئەپڵ، پەردەی لەسەر ئامێرێکی نوێ لادا بە ناوی iPad، کە بە یەکجاری جیهانی تابلێتە زیرەکەکانی گۆڕی و تەنانەت هەر کە ناوی تابلێت دەهێندرێت، یەکسەر ئایپادی ئەپڵمان بە بیردا دێت. ستیڤ جۆبز بەر لە ساڵێک لە مردنی، تابلێتی iPad ـی ڕاگەیاند و بە یەکێک لە سەرکەوتووترین ئامێرەکانی ئەپڵ هەژمار دەکرێت.

هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی تابلێت لە ساڵانی 2000 ـەکان لە لایەن مایکرۆسۆفتەوە، ڕەخنەیەکی زۆر لە ئامێرەکە گیرا و ڕەزامەندییەکی وەهای لەسەر نەبوو. ستیڤ جۆبز ڕایگەیاند کە تابلێتەکانی پێشوو خاو بوون، خاوەن ڕوونمای خراپ بوون و بە شێوەیەکی بێکەڵکانە ئەپی کۆمپیوتەرەکانی کار پێ دەکردن و پێی وابوو کە لە هیچ ڕوویەکەوە لە لاپتۆپەکان باشتر نەبوون، تەنها ئەوە نەبێت کە هەرزانتر بوون.

هەر بۆیە، ستیڤ جۆبز ویستی ئەمە بە یەکجاری بگۆڕێت، وە ئەنجامیشی دا. لە ڕێکەوتی 27 ـی 1 ـی ساڵی 2010 ـدا، کۆمپانیای ئەپڵ لە بۆنەیەکی تایبەتدا بە ڕابەرایەتی ستیڤ جۆبز، پەردەی لەسەر یەکەمین نەوەی ئامێرێکی نوێ لادا بە ناوی iPad، کە تێهەڵکێشی مۆبایل و لاپتۆپ بوو. ئامێرەکە خاوەن ڕوونمایەکی قەبارە 9.7 ئینجی و پڕۆسێسەری A4 و بیرگەی تاوەکو 64 گێگابایت و ڕامێک بوو بە فراوانی 256 گێگابایت. پاترییەکی هەبوو کە بەرگەی تاوەکو 10 کاتژمێر لە بەکارهێنانی دەگرت و خاوەن دەرچەی 30-pin و تایبەتمەندی Bluetooth 2.1 بوو. بژاردەکانی Wi-Fi و ڕایەڵەی 3G ـی لێ بەردەست بوو و نرخی جۆرە Wi-Fi ـەکەی لە 499$ ـەوە دەستی پێ دەکرد و جۆرە 3G ـییەکەشی لە 629$ ـەوە دەستی پێ دەکرد.

ئەستووری ئایپادەکە 0.5 ئینج بوو و کێشیشی 1.5 پاوەن بوو، لە هەموو تابلێت و لاپتۆپەکانی ئەو کاتە تەنکتر بوو.

نرخی لاپتۆپەکانی ماکبووک لەو کاتەدا لە 999$ دەستی پێ دەکرد، لە کاتێکدا کە یەکەمین نەوەی ئایپاد، نیوەی نرخی لاپتۆپەکانی ماکبووک بوو، تەنانەت ئەپڵ بە نرخی زۆر کەمتر بە خوێندکارانی دەفرۆشت.

یەکەمین نەوەی ئایپاد لە ڕێکەوتی 3 ـی 4 ـی هەمان ساڵ بەردەستکرا بۆ کڕین. لە یەکەم ڕۆژی بەردەستکردنیدا، 300,000 دانەی لێ فرۆشرا، کەمتر لە 2 مانگ دواتر گەیشت بە 2 ملیۆن فرۆش، وە 7.5 ملیۆن یەکەشی لە تەواوی ساڵی 2010 ـدا لێ فرۆشرا.

خۆشحاڵانە، تاوەکو ئێستا ئەپڵ لە بەرهەمێنانی ئەم ئامێرە ناوازەیە بەردەوامە و ساڵانە نەوەی نوێی بە تایبەتمەندی زیاترەوە لێ بەردەست دەکات. دواین نەوەی ئامێرەکەش کە ئەپڵ ڕایگەیاندبێت، iPad Mini 5 بوو لە ساڵی پاردا.

ئەمانە گرنگترین ئەو ئایپادانەن کە لە دوای ڕاگەیاندنی نەوەی یەکەمدا ڕاگەیاندران:

  • iPad 2 لە ئاداری ساڵی 2011: ڕێژەی 33% تەنکتر و ڕێژەی 15% سووکتر، پڕۆسێسەری Apple A5، کامێرای پێشەوە و پشتەوە، بژاردەی نوێی ڕەنگ.
  • نەوەی سێیەمی iPad لە ئاداری ساڵی 2012: ڕوونمای Retina، ڕایەڵەی 4G LTE، پڕۆسێسەری Apple A5X، توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆی 1080p.
  • نەوەی چوارەمی iPad لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2012: دەرچەی Lightning، پڕۆسێسەری Apple A6X.
  • iPad mini لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2012: ڕوونمای 7.9 ئینج.
  • iPad Air لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2013: پڕۆسێسەری Apple A7 ـی 64 بتی، ڕێژەی 20% تەنکتر و 28% سووکتر بە بەراورد بە نەوەی چوارەم، چوارچێوەی ڕوونمای کەمتر.
  • iPad Air 2 لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2014: هەستەوەری پەنجەمۆری Touch ID، ڕوونمای تەواو Retina، پڕۆسێسەری Apple A8X.
  • iPad Pro لە ئەیلولی ساڵی 2015: ڕوونمای 12.9 ئینجی Retina، پشتگیری قەڵەمی زیرەکی Apple Pencil و تەختەکلیلی زیرەکی Smart Keyboard، پڕۆسێسەری Apple A9X.
  • نەوەی پێنجەمی iPad لە ئاداری ساڵی 2017: نرخی دەستپێکی 329$، ڕوونمای قەبارە 9.7 ئینجی Retina، پڕۆسێسەری Apple A9.
  • نەوەی دووەمی iPad Pro لە حوزەیرانی ساڵی 2017: تایبەتمەندی ProMotion بۆ ڕوونما و خێرایی ڕوونمای 120 هێرتز، پڕۆسێسەری Apple A10X Fusion، چوارچێوەی کەمتر.
  • نەوەی شەشەمی iPad لە ئاداری ساڵی 2018: نرخی دەستپێکی 329$، پشتگیری Apple Pencil، پڕۆسێسەری Apple A10.
  • نەوەی سێیەمی iPad Pro لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2018: گۆڕانکاری تەواو لە دیزاین، هەستەوەری ناسێنەرەوەی دەموچاوی Face ID، لابردنی دوگمەی گەڕانەوە، دەرچەی USB-C، پڕۆسێسەری Apple A12X، پشتگیری قەڵەمی زیرەکی Apple Pencil، بیرگەی تاوەکو 1 تێرابایت.
  • نەوەی حەوتەمی iPad لە ئەیلولی ساڵی 2019: ڕوونمای 10.2 ئینجی Retina، پشتگیری لە تەختەکلیلی زیرەکی Smart Keyboard قەبارە تەواو.
بۆچونی تۆ