ئامێرە هەمەجۆرەکان 4, نیسان 2020

شاومی کاتژمێرە زیرەکەکانی Xiaomi Mi Kids Watch 4 و Mi Kids Watch 4 Pro ـی تایبەت بە منداڵان ڕاگەیاندن

کۆمپانیای شاومی چینی 2 کاتژمێری زیرەکی نوێی بە ناوەکانی Xiaomi Mi Kids Watch 4 و Mi Kids Watch 4 Pro ـی تایبەت بە منداڵان ڕاگەیاندن، کە خاوەن ڕوونمای جۆری AMOLED ـن و پشتگیری لە نەوەی چوارەمی پەیوەندی 4G دەکەن و تاوەکو قوڵی 20 مەتر بەرگرییان بەرانبەر بە ئاو هەن.

کاتژمێری زیرەکی Xiaomi Mi Kids Watch 4 خاوەن ڕوونمایەکی چوارگۆشەییە بە قەبارەی 1.78 ئینج لە جۆری AMOLED و بە وردی نیشاندانی 368 بە 448 پێکسڵ، شووشەی ڕوونماکەی لە جۆری Gorilla Glass 3 ـە. لە پێشەوە و لە سەرەوەی ڕوونماکەی خاوەن کامێرایەکە بە ڕوونی 5 مێگاپێکسڵ، کە دەتوانرێت بۆ پەیوەندی ڤیدیۆیی و سێڵفی بەکاربهێندرێت. هەروەها لە دەرەوەی ڕوونماکەی و بەشی سەرەوەی خاوەن کامێرایەکی دیکەیە بە ڕوونی 5 مێگاپێکسڵ.

بە پڕۆسێسەری Qualcomm Wear 2500 بەهێز کراوە و پشتگیری لە ڕایەڵەکانی 4G و Wi-Fi b/g/n و پەیوەندییە دەنگییەکانی VoLTE و تەکنەلۆژیای NFC و eSIM ـی سیمکارتی ئەلیکترۆنی دەکات. کاتژمێرە زیرەکەکە پشتگیری لە GPS ناکات، بەڵام خاوەن ژیری دەستکردە بۆ پێوانەکردنی شوێنەکان. تاوەکو قوڵی 20 مەتر توانای بەرگەگرتنی بەرانبەر بە ئاو هەیە.

هەرچی دەربارەی Xiaomi Mi Kids Watch 4 Pro ـە، خاوەنی دووانە باندی GPS ـە و باشتر شوێنەکان پێوانە دەکات. وە کامێرای دەرەوەی ڕوونماکەی باشترە و ڕوونی 8 مێگاپێکسڵە. لە تایبەتمەندییەکانی دیکەدا هاوشێوەی Xiaomi Mi Kids Watch 4 ـە.

هەردوو کاتژمێرە زیرەکەکە بە شێوەی بنەڕەتی خاوەن ژمارەیەک ئەپی دابەزێندراو دەبن، کە تێیدا ئەپەکانی چات کردن و فێربوون بوونیان هەن، بێگومان لەبەر ئەوەی تایبەتن بە منداڵان.

هەردووکیان بە ڕەنگەکانی پەمەیی و شینەوە بەردەست دەبن. نرخی Xiaomi Mi Kids Watch 4 بڕی 125$ دەبێت و Xiaomi Mi Kids Watch 4 Pro ـیش بڕی 185$ دەبێت. لە ئێستاوە بەردەستن بۆ کڕین بە شێوەی پێشوەختە و لەم هەفتەیەشدا لە چین بەردەست دەکرێن بۆ کڕین.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ