هەواڵ 28, كانونی دووه‌م 2020

کۆمپانیاکانی Facebook و Razer و LG ڕێگری لە گەشتکردنی کارمەندانیان دەکەن بۆ وڵاتی چین بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا

کۆمپانیاکانی Facebook و Razer ـی ئەمریکی، بوونە یەکەم کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە ڕێگری لە گەشتکردنی کارمەندانیان بکەن بۆ وڵاتی چین بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کە خەریکە بەشێکی زۆری وڵاتی چین و تەنانەت وڵاتانی دیکەش دەگرێتەوە. بە هەمان شێوە، کۆمپانیای LG ـی کۆریش ڕێگری لە کارمەندانی کرد بۆ گەشتکردن بۆ وڵاتی چین.

بە پێی پێگەی Bloomberg بێت، کۆمپانیای Facebook سەرجەم کارمەندەکانی ئاگادارکردۆتەوە کە گەشت نەکەن بۆ وڵاتی چین، وە بەو کارمەندانەشی ڕاگەیاندووە کە لە چینەوە گەڕابوونەوە بۆ کۆمپانیاکە تاوەکو لە ماڵەوە کار بکەن و نەیەن بۆ کۆمپانیاکە بۆ کارکردن. هەرچەندە کۆمپانیای Facebook لە ئێستادا لە لیستی قەدەغەکراوەکانی وڵاتی چیندایە، بەڵام ئۆفیسی لە وڵاتەکەدا هەیە و کار لەگەڵ کۆمپانیا چینییە بەرهەمهێنەرەکاندا دەکات.

کۆمپانیای Razer ـی تایبەت بە درووستکردنی کۆمپیوتەر و ئامێرەکانی دیکەی تایبەت بە یاریکردنی ئەمریکی، بە پێگەی The Verge ـی ڕاگەیاندووە کە پێشتر بە کارمەندەکانی ڕاگەیاندبوو کە گەشتکردن بۆ وڵاتی چین قەدەغەیە و بەو کارمەندانەشی ڕاگەیاندووە کە لە چینەوە گەڕابوونەوە بۆ نیشتیمان تاوەکو لە ماڵەوە کار بکەن و بە هیچ شێوەیەک نەیەنە نێو کۆمپانیاکەوە بۆ کارکردن. هەروەکو کۆمپانیای Facebook و ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیای دیکە، Razer بەرهەمهێنەری تایبەتی لە وڵاتی چین هەیە بۆ درووستکردنی مشک (ماوس) و تەختەکلیل و بیستۆکی کۆمپیوتەرەکان.

بە پێی پێگەی Reuters بێت، کۆمپانیای LG ـی کۆری بە سەرجەم کارمەندەکانی ڕاگەیاندووە کە بە هەموو شێوەیەک گەشتکردن بۆ وڵاتی چین قەدەغەیە و داوای لەو کارمەندانەشی کردووە کە لە ئێستادا لە چینن تاوەکو بە زووترین کات بگەڕێنەوە بۆ کۆریای باشوور.

کۆمپانیای Amazon ڕایگەیاندبوو کە پەیڕەوی ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی دەکەن سەبارەت بە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی چین، بەڵام هیچی دەربارەی ڕێگریکردنی گەشتکردن لە کارمەندەکانی بۆ ئەو وڵاتە باس نەکرد.

ئەم قەدەغەکردنەی کۆمپانیا ناوبراوەکان، بۆ پاراستنی گیانی کارمەندان و هاونیشیمانی وڵاتەکەیانە لە مەترسی تووشبوون بەو ڤایرۆسە کوشندەیە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جۆری 2019-nCoV لە چەند ناوچەیەکی وڵاتی چین بڵاو بووەتەوە و تاوەکو ئێستا سەروو 100 کەس بە هۆی ڤایرۆسەکەوە لە چین مردوون و هەزاران تووشبووش تۆمار کراون، هەروەها ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە تاوەکو ئێستا لە سەرانسەری جیهان گەیشتۆتە سەروو 4,000 کەس. ڤایرۆسەکە بۆ یەکەمجار لە ناوچەی Wuhan ـی وڵاتەکە سەری هەڵدا و حکومەتی چینیش باری نائاسایی لە وڵاتەکەدا ڕاگەیاندووە. دەگوترێت کە حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستانیش تۆمار کراوە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ