هەواڵ
8, شوبات 2020
لە کۆتایدا، Netflix ڕێگە دەدات تایبەتمەندی خودکارانەی کارپێکردنی ڤیدیۆکان ناکارا بکرێت

بۆ ماوەی چەند ساڵێک دەبێت کە بەژداربووانی تۆڕی Netflix ـی تایبەت بە فیلم و زنجیرە جیهانییەکان، بە دەست تایبەتمەندی کارپێکردنی خودکارانەی ڤیدیۆکانەوە دەناڵێنن. لەمەودوا دەتوانرێت ئەو تایبەتمەندییە ناکارا بکرێت.
کۆمپانیای Netflix لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند کە لەمەودوا بەژداربووان دەتوانن تایبەتمەندی کارپێکردنی خودکارانەی ڤیدیۆکان “Auto-Play” لە تۆڕەکەدا ناکارا بکەن. 2 دانە بژاردە بۆ ناکاراکردنی کارپێکردنی خودکارانەی ڤیدیۆکان زیاد کراوە، یەکەمیان بازدانی خودکارانە بۆ زنجیرە یاخود فیلمی دواتر ناکارا دەکات، ئەوەی دیکەیان کارپێکردنی خودکارانەی ڤیدیۆکان لە پەڕەی سەرەکیدا ناکارا دەکات.
چەندین سەکۆی Reddit، ڤیدیۆی یوتیوب و جریوەی توڕە ئامێزانە داوایان لە Netflix کردبوو تاوەکو تایبەتمەندی بێزارکەری کارپێکردنی خودکارانەی ڤیدیۆکان لە تۆڕەکەدا لاببات، یاخود هیچ نەبێت بژاردەیەک بۆ ناکاراکردنی زیاد بکات. وا دیارە لە کۆتایدا کۆمپانیاکە ڕەخنەیەکی بەژداربووانی جێبەجێ کرد!
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو، هەوادار و گەشەپێدەری سەکۆکانی ئەپڵ.