10
گووگڵ 11, شوبات 2020

بەم نزیکانە Google Chrome ڕێگری لە داگرتنی سەرجەم پەڕگە متمانە پێنەکراوەکان دەکات

گووگڵ ڕایگەیاند کە بەم نزیکانە سەرجەم داگرتنە متمانە پێنەکراوەکان قەدەغە (بلۆک) دەکەن و ڕێگری دەکەن لە داگرتنیان لە لایەن بەکارهێنەرانەوە لە وێبگەڕی Google Chrome ـدا.

لە بڵاوکراوەیەکدا، تیمی ئاسایشیی Google Chrome ڕایانگەیاند کە بەم نزیکانە وێبگەڕی Google Chrome تەنها ئەو پەڕگانە دادەگرێت کە متمانە پێکراون و بە پڕۆتۆکۆڵی HTTPS توندوتۆڵ کراون، ئەمەش لەبەر سەلامەتی ئاسایشی بەکارهێنەرانە و بە دوور گرتنیانە لە ڤایرۆس و نەرمەکاڵا زیانبەخشەکان.

ئەم تایبەتمەندییە لە وەشانی Chrome 86 ـی وێبگەڕەکە زیاد دەکرێت و چیدیکە پەڕگە زیانبەخش و متمانە پێنەکراوەکان ناتوانرێت دابگیرێن. وا بڕیارە ئەم وەشانەی وێبگەڕەکە لە مانگی نیسان (4) ـی ئەمساڵدا بەردەست بکرێت بۆ هەمووان. ئەگەر بتەوێت پەڕگەیەکی متمانە پێکراو لە وێبگەڕەکەدا دابگریت، بەم ئاگادارکەرەوەیە ڕێگریت لێ دەکات:

لە وەشانی 83 ـدا، وێبگەڕەکە ڕێگری لە داگرتنی هەندێک پەڕەی متمانە پێنەکراوی وەک exe و apk دەکرد، لە وەشانی 84 ـدا فراوانتر کرا و ڕێگری لە داگرتنی پەڕەی جۆری زیاتر متمانە پێنەکراو دەکرد، لە وەشانی 85 ـیشدا چیدیکە ڕێگەی نەدەدا وێنە و ڤیدیۆ متمانە پێنەکراوەکان دابگیردرانایە. بەڵام لە وەشانی 86 ـدا، ئیدی وێبگەڕەکە ڕێگری دەکات لە داگرتنی سەرجەم پەڕە متمانە پێنەکراو و زیانبەخشەکان.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا وەشانە نوێیەکەی وێبگەڕەکە بە تایبەتمەندییە نوێیەکەوە بەردەست دەکرێت، هەروەها وا بڕیارە لە دواتردا تایبەتمەندییەکە بۆ وێبگەڕەکە لە iOS و Android ـیش بەردەست بکرێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ