سامسۆنگ 11, شوبات 2020

مۆبایلی Samsung Galaxy S20 Ultra دەبێتە یەکەمین مۆبایل بە ڕامی 16 گێگابایتییەوە

ئەمشەو چاوەڕوانی و دەنگۆیە درێژخایەنەکان بە کۆتا دێن و سامسۆنگ مۆبایلە نوێیەکانی Samsung Galaxy S20 و +Samsung Galaxy S20 و Samsung Galaxy S20 Ultra نمایش دەکات. پێشووتر دیزاین و زۆرینەی تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکانمان دەزانی، ئێستاش دەنگۆیەکی نوێ لەبەر دەستتدایە سەبارەت بە یەکێک لە مۆبایلەکان.

پێگەی XDA-Developer بە پشت بەستن بە زانیارییەکی دزەپێکراو، ڕایگەیاندووە کە مۆبایلی Samsung Galaxy S20 Ultra دەبێتە یەکەمین مۆبایلی جیهان کە خاوەن ڕامێک ببێت بە فراوانی 16 گێگابایت لە جۆری LPDDR5. هەرچەندە دەگوترا کە فراوانی ڕامی سەرجەم جۆرەکانی Samsung Galaxy S20 بریتی دەبن لە 12 گێگابایت، بەڵام ڕەنگە ئەمە تاکە بژاردەی جیاوازی بەردەستت بێت لە مۆبایلەکان.

ئەگەر ڕوو بدات، مۆبایلەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بە تاکە مۆبایلی خاوەن ڕامی 16 گێگابایتییەوە نامێنێتەوە، بەڵکو شاومی پێشووتر ڕایگەیاندبوو کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مۆبایلی Mi 10 ڕادەگەیەنێت و پێشبینی دەکرێت خاوەن ڕامێک بێت بە فراوانی 16 گێگابایت.

پێشبینی دەکرێت مۆبایلی Samsung Galaxy S20 Ultra خاوەن پڕۆسێسەری Snapdragon 865 یاخود Exynos 990 و ڕوونمای 6.92 ئینج و پاتری 5,000 ملی ئەمپێر و 4 کامێرا ببێت لە پشتەوە کە ڕوونی کامێرا سەرەکییەکەی 108 مێگابایت دەبێت.

لە بۆنەیەکی تایبەتدا، ئەمشەو کاتژمێر 10:00 بە کاتی هەولێر کۆمپانیای سامسۆنگ مۆبایلە نوێیەکانی Samsung Galaxy S20 و +Samsung Galaxy S20 و Samsung Galaxy S20 Ultra نمایش دەکات. کەی ئای تی ئێنیش لە پەڕەی فەرمی فەیسبووکی خۆی کۆنگرەکەتان بۆ ڕووماڵ دەکات، چاوەڕوان بن!

سەرچاوە XDA-Developers
بۆچونی تۆ