ئەپڵ
24, ئازار 2020
دەنگۆ: یەکێک لە ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ خاوەن هەستەوەری جێگیری وێنەکان دەبێت بۆ کامێرا سەرەکییەکەی

کاتی نمایشکردنی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ بەرە بەرە نزیک دەبێتەوە، بێگومان دەنگۆکانیش دەربارەیان زیاتر دەبن. دەنگۆیەکی نوێ دەڵێت کە یەکێک لە ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ خاوەن هەستەوەری جێگیری وێنەکان دەبێت بۆ کامێرا سەرەکییەکەی.
پێشبینیکەری بەناوبانگ، بەڕێز Ming-Chi Kuo ڕایگەیاندووە کە پێشبینی دەکات یەکێک لە ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ خاوەن هەستەوەرێکی نوێ ببێت بە ناوی “sensor-shift image stabilization” بۆ کامێرا سەرەکییەکەی پشتەوەی، ئەو تەکنەلۆژیایە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوە یاخود نەهێشتنی جوڵانی وێنەکان لە کاتی جوڵاندنی دەست لە ساتەوەختی چرکاندنی وێنە یان تۆمارکردنی ڤیدیۆکاندا.
لە ئێستادا ئەو جۆرە هەستەوەرە بە تەنها لە کامێراکانی جۆری Wide و Telephoto ـدا بەردەستە، بەڵام ئەپڵ دەیەوێت بۆ کامێرا سەرەکییەکەی ئایفۆنەکان جێگیری بکات.
پێشبینیکەرەکە ئاشکرای کردووە کە ڕەنگە تەنها جۆرە ئاست بەرزەکەی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ خاوەن هەستەوەرەکە ببێت، بەڵام لە ساڵی 2021 ـدا دوو یاخود سێ ئایفۆن خاوەن ئەو هەستەوەرە ببن و لە ساڵی 2022 بە دواوە جۆرێکی ئایفۆن خاوەن کامێرای Periscope دەبێت بۆ نزیککردنەوە.
وەک هەموو ساڵێک، پێشبینی دەکرێت بۆ ئەمساڵیش ئایفۆنە نوێیەکان لە مانگی ئەیلول (9) ـدا نمایش بکرێن.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.