ئەپڵ 4, كانونی یه‌كه‌م 2019

ئەپڵ دانیپێدانا کە هەندێک لە MacBook Pro ـی 13 ئینجی ئەمساڵ کێشەی کوژاندنەوەی لە ناکاویان هەیە

هەر وەکو پێگەی MacRumors لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاماژەی پێ کردووە، ئەپڵ دانیپێدانا کە هەندێک لە MacBook Pro ـی 13 ئینجی ئەمساڵ کێشەی کوژاندنەوەی لە ناکاویان هەیە.

کێشەکە بە شێوەیەکە، کە لە کاتی بەکارهێنانی لاپتۆپەکە لە کاتی بارگاویکردنەوەدا، خودکارانە دەچێتە دۆخی خەوتن (Sleep Mode) و دەکوژێتەوە. ئەم کێشەیە ژمارەیەک MacBook Pro ـی قەبارە 13 ئینجی 2019 ـی گرتۆتەوە کە Touch Bar و دەرچەکانی Thunderbolt 3 و USB-C ـیان هەیە، کە لە هاوینی ئەمساڵدا ئەپڵ بەردەستی کرد.

بە پێی ئەپڵ بێت، ئەم کێشەیە لە کاتی بارگاویکردنەوەی لاپتۆپەکەدا ڕوودەدات. لە پەڕەی یارمەتی ماڵپەڕی فەرمی ئەپڵ، کۆمپانیاکە دەڵێت ڕەنگە ئەم هەنگاوە یارمەتی چارەسەرکردنی کێشەکە بدات؛ پاترییەکەت لە خوار بڕی 90% بهێڵەوە، لە پاشان بیکە بە بارگاویکەرەوەوە و دەستبەجێ سەرجەم ئەپەکان دابخەرەوە و لاپتۆپەکە بخەرە دۆخی دۆخی خەوتن (Sleep Mode) ـەوە.

هەروەها ئەپڵ دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، پێویستە تاوەکو نزیکەی 8 کاتژمێر لاپتۆپەکە لە ژێر بارگاویکردندا بمێنێتەوە، چونکە بێگومان ئەم کێشەیە زۆرجار لە شەو و ئەو کاتانەی بە بەردەوامی بەکاری دەهێنیت ڕوودەدات. لە دوای هێشتنەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ لە ژێر بارگاویکردندا، ئەپڵ دەڵێت خاوەنەکانی MacBook Pro ـی 13 ئینجی ئەمساڵ پێویستە وەشانی لاپتۆپەکانیان بۆ دواین وەشانی macOS نوێ بکەنەوە.

ئەگەر بەمانە کێشەکە چارەسەر نەبوو، ئەپڵ دەڵێت پێویستە لاپتۆپەکە ببەیتە نزیکترین چاککەرەوەی فەرمی ئەپڵ لە ناوچەکەتدا.

هەبوونی کێشەیەکی لەم جۆرە لە نوێترین جۆری MacBook Pro ـدا، بە هیچ شێوەیەک مایەی خۆشحاڵی نییە. هیوادارین کێشەکە لە سیستەمەکەیدا بێت، نەوەک ڕەقەکاڵا.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ