مۆبایل و تابلێت 18, شوبات 2020

ژمارەیەک وێنەی دزەپێکراو نموونەی دیزاینی مۆبایلێکی چەماوەیی جیاوازی کۆمپانیای TCL نیشان دەدەن

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی CNET بێت، کۆمپانیای TCL کار لەسەر مۆبایلێکی چەماوەیی جیاواز دەکات، کە تاوەکو ئێستا هیچکام لە مۆبایلە چەماوەییەکانی وەک Motorola Razr و Samsung Galaxy Fold خاوەن هەمان دیزاین نین.

مۆبایلە چەماوەییەکەی TCL خاوەن ڕوونمایەکی چەماوەیی ڕاکێشراو دەبێت، بە شێوەیەک کە ڕوونماکەی لە کاتی کردنەوەدا دەکشێندرێت و لە کاتی داخستنەوەدا تێهەڵکێش دەکرێت. وێنە دزەپێکراوەکانی بڵاو کراونەتەوە، بەڵام وا دیارە وێنەکان لە شێوەی نموونەدان و بە تەواوی ڕاستەقینە نین.

هەمان پێگە، دەڵێت کە کۆمپانیای TCL لە پلانیدا هەبووە تاوەکو مۆبایلە چەماوەییەکە لە کۆنگرەی جیهانی مۆبایل (Mobile World Congress) ـدا نمایش بکات، بەڵام کۆنگرەکە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەڵوەشایەوە و لە ئەمساڵدا ئەنجام نادرێت. بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە بۆ ئەمساڵ ئەم مۆبایلە چەماوەییە نمایش ناکرێت، بەڵکو ڕەنگە کۆمپانیاکە بۆنەیەکی تایبەت بۆ نمایشکردنی ڕێکبخات.

ئەم وێنە دزەپێکراوانەی نموونەی مۆبایلە چەماوەییە، گەورەترین پرسیار درووست دەکات، ئەویش ئەوەیە کە چۆن ڕوونماکەی بەو شێوەیە دەکرێتەوە و دادەخرێتەوە. هیوادارین بە زوویی مۆبایلە چەماوەییەکە نمایش بکرێت و وەڵامی ئەم پرسیارەمان بۆ بداتەوە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ