ئامێرە هەمەجۆرەکان 18, شوبات 2020

ڕەنگە لە ئەمساڵدا ئەپڵ ئامێری نوێی Apple Tags ڕابگەیەنێت

لە دوای چەند مانگێک لە پڕوپاگەندە و دەنگۆکان، وا دیارە ئەپڵ سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ملیۆنان تەن لە ئامێری Apple Tags ـی تایبەت بە شوێن پێ هەڵگرتنە.

ئامێرەکە ناوی Apple Tags یاخود AirTags دەبێت و تایبەت دەبێت بە زانینی شوێنی کاڵاکان بە بەردەوامی. ئامێرەکە قەبارەی بچکۆلانە دەبێت و دەتوانرێت بۆ زانینی شوێنی کاڵای جۆراوجۆر سوودی لێ وەربگیردرێت، بۆ نموونە؛ بۆ کلیل. لەسەر بنەمای دزەپێکراوەکانی ڕابردوو بێت، پێدەچێت ئامێرەکە چیپی U1 ـی نێو iPhone 11 ـە نوێیەکان بەکاربهێنێت بۆ زانینی شوێنەکان. ئامێرەکە لە نێو ئەپی Find My ـدا بەکاردەهێندرێت و دەتوانرێت بە بێ ئینتەرنێت شوێنی ئامێرەکە بدۆزێتەوە.

بە پێی دزەپێکراوەکان بێت، قەبارەی ئامێرەکە بازنەیی دەبێت و دەتوانرێت لە ڕێگەی تایبەتمەندی AR ـەوە شوێنەکەی بە ئاسانی بدۆزرێتەوە.

هێشتا دیار نییە کە کەی ئەپڵ ئامێرەکە نمایش دەکات، بەڵام پێدەچێت لە مانگی 9 ـی ئەمساڵ و لەگەڵ ئایفۆنە نوێیەکاندا نمایش بکرێت. پێگەی 9to5Mac ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامێری Apple Tags ئامێرێکی تەواو نوێیە بۆ ئەپڵ، هەر ڕەنگە زووتر و لە میانەی کۆنگرەی WWDC ـی ئەمساڵدا، نمایشی بکات.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ