ئەپڵ 19, شوبات 2020

مۆبایلی iPhone 9 بە دیزاینێکی دێرینەوە لە ڤیدیۆیەکی زیندوودا بەدیارکەوت

چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی داهاتوودا، ئەپڵ مۆبایلی iPhone 9 بە دیزاینێکی کۆن و تایبەتمەندی نوێ و نرخی 399$ ـەوە ڕابگەیەنێت. دەنگۆکانی ڕابردوو بۆ چەند جارێک باسیان لە مۆبایلە نرخ هەرزانەکەی ئەپڵ دەکرد، ئێستا و بۆ یەکەمجار لە ڤیدیۆیەکی زیندوودا بەدیارکەوت.

ڤیدیۆیەک لە لایەن هەژمارێکی چینییەوە لە تۆڕی TikTok ـدا بڵاوکراوەتەوە و تێیدا مۆبایلێکی زۆر جیاوازی ئەپڵی تێدا بەدی دەکرێت، ئەویش دەگوترێت iPhone 9 (یاخود iPhone SE 2) ـە. بەڵام ڤیدیۆکە کەمێک گومان درووست دەکات، چونکە دیزاینەکەی بە تەواوی هاوشێوەی ڕێندەرە دزەپێکراوەکانی ماوەی ڕابردووی مۆبایلەکە نییە.

لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، کە مۆبایلەکە خاوەن چوارچێوەیەکی تەخت و هاوشێوەی چوارچێوەی مۆبایلی iPhone 4 دەبێت، هەروەها دیزاینی پشتەوەی هاوشێوەی iPhone 8 دەبێت، کە دەنگۆکان بۆ چەند جارێک ئەمەیان دووپات کردبووەوە. لە ژێرەوە، وا دیارە دووبارە دەرچەی بیستۆک زیاد نەکراوەتەوە.

مۆبایلەکە خاوەن پڕۆسێسەری بە توانای Apple A13 Bionic دەبێت، کە ئەمەش دەیکاتە ڕکابەری بە تواناترین مۆبایلەکانی ئەندرۆید. ئەمانە ژمارەیەک ڕێندەری دزەپێکراوی مۆبایلەکەن کە لە ڕابردوودا بڵاوکرابوونەوە، بەڵام لە ڕێندەرەکاندا چوارچێوەی مۆبایلە تەخت نییە، لە کاتێکدا کە لە ڤیدیۆکەدا چوارچێوەکان تەختن.

پێشبینی دەکرێت iPhone 9 خاوەن ڕوونمایەکی قەبارە 4.7 ئینجی و هەستەوەری ناسێنەرەوەی پەنجەمۆر ببێت. ئەپڵ لە پلانیدایە مانگی داهاتوو ئایفۆنە نرخ هەرزانەکە ڕابگەیەنێت، بەڵام دووبارە ڕاپۆرتەکان باس لە دواخستنی بەرهەمهێنانی مۆبایلەکە دەکەن بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ