
لەکاتێکدا ڕەخنەگرانی تەکنەلۆژیا پێیان وایە کە گۆڕانکارییە ڕەقەواڵەی Hardware زنجیرەی Galaxy S26 هێندە گەورە نین تەنها Privacy Displayـە و هیچی تر! و بەرزکردنەوەی نرخەکانیش جێگەی پرسیارن، بەڵام پێم وایە سامسۆنگ هەوڵیداوە لە ڕێگەی نەرمەواڵە Software و پڕۆسێسی وێنەییەوە ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە. یەکێک لە گەورەترین ئامانجی ئەمساڵی کۆمپانیاکە، ڕاکێشانی سەرنجی دروستکەرانی ناوەڕۆکە واتە Content Creators بۆ ئەوەی بەتەواوی ڕکابەری سیستەمی پێشکەوتووی ProResـی ئەپڵ بکات. بۆ ئەم مەبەستەش، دوو چەکی قورسی بەکارهێناوە، ئەوانیش Horizon Lock و کۆدێکی نوێی APV ڤیدیۆیە لە پێناو تۆمارکردنی ڤیدیۆی بێ لەرزین و گونجاوی بۆ کاتی مۆنتاژکردن بەبێ لەدەستدانی ڕوونی ڤیدیۆکە.
لەم وتارەدا هەوڵمداوە شیکارییەکی تەکنیکی بۆ هەردوو تایبەتمەندییەکە بکەم و با بزانین ئایا تەنها بانگەشەی ڕیکلامین یان بەڕاستی گۆڕانکارین.
١. قوفڵکردنی ئاسۆ (Horizon Lock): گێمبڵێک لەناو نەرمەکاڵادا

لە ڕابردوودا، مۆبایلەکانی سامسۆنگ خاوەنی تایبەتمەندی Super Steady Video بوون بۆ کەمکردنەوەی لەرزین، بەڵام تواناکانیان سنووردار بوو. ئەوەی لە Galaxy S26 Ultra دا دەیبینین بە ناوی “Horizon Lock” کە دەکرێت بە قوفڵکردنی هێڵی ئاسۆ وەری بگێڕین، جۆرێکە لە بەزاندنی یاساکانی فیزیا تەنها لە ڕێگەی نەرمەکاڵاوە.
چۆن کار دەکات؟
ئەم تایبەتمەندییە بە پشتبەستن بە پڕۆسێسەری وێنەیی نوێی مۆبایلەکە (Image Signal Processor)، دەتوانێت ڤیدیۆکە بە تەواوی جێگیر بکات تەنانەت ئەگەر مۆبایلەکە بە گۆشەی ٣٦٠ پلەش بخولێنیتەوە. واتە مۆبایلەکەت بە هەر لایەکدا بجوڵێت و هەرچەند بلەرزێت، هێڵی ئاسۆی ناو ڤیدیۆکە ڕێک دەمێنێتەوە و کوالێتییەکەشی بە 4K دەمێنێتەوە.
هەرچەندە لە تاقیکردنەوە سەرەتاییەکاندا هەندێک تێکچوونی کەم لە قەراغی ڤیدیۆکاندا بەهۆی پرۆسێسی زۆرەوە دەبینرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە پێویستی بەکارهێنانی گیمبڵی دەرەکی بۆ ڤلۆگەرەکان بەتەواوی نەهێشتووە. بەکورتی سامسۆنگ مۆبایلەکەی کردووەتە ئەکشن کامێرایەک.
٢. کۆدێکی APV: کۆتایی بە کێشەی پڕبوونی بیرگە دەهێنێت؟
بەردەوام یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی بەکارهێنەرانی ئایفۆن لەکاتی وێنەگرتن بە فۆرماتی ProRes ئەوە بووە کە خولەکێک ڤیدیۆ چەندین گێگابایت قەبارەکەیەتی و بە خێرایی بیرگەی مۆبایلەکە پڕ دەکات. سامسۆنگ بۆ لێدانی ئەم خاڵە لاوازەی ئەپڵ، بۆ یەکەمجار لە مۆبایلەکاندا کۆدێکی Advanced Professional Video (APV)ـی لە S26 دا جێگیر کردووە کە لەلایەن گووگڵیشەوە لە ئەندرۆید ١٦دا پشتیوانی دەکرێت.
ئەم کۆدێکە ٢٠٪ کاراترە لە کۆدێکی باوی HEVC لە ڕووی پەستاندنی قەبارەی فایلەکانەوە. ئەمەش واتە ڤیدیۆیەکی پڕۆفیشناڵ بە هەمان کوالێتی، جێگەیەکی کەمتر دەگرێت. جگە لەوەش، APV پشتگیری لە ڕەنگی ١٢-بیت (12-bit color depth)، و فۆرماتەکانی HDR10+ و وێنەگرتنی LOG دەکات.
بوونی فۆرماتی LOG بە 12-bit واتە ڤیدیۆکە زۆرترین زانیاری ڕەنگەکان لەخۆ دەگرێت، ئەمەش بۆ ئەوانەی دەستکاری ڕەنگەکان دەکەن واتا Color Grading دەکەن لە پۆست-پڕۆدەکشندا خەونێکە چونکە چەند جار دەستکاری ئەم ڤیدیۆیە بکەیت ڕوونی زۆر تێک ناچێت وەکو فۆڕماتەکانی تر. سامسۆنگ هەروەها ڕێگە دەدات بە دانانی فلتەرەکانی ڕەنگ واتا لەتەکان (LUT) ڕاستەوخۆ لەناو گەلەری و ئەپی ستۆدیۆکەیدا، کە پرۆسەی مۆنتاژ و ئێدتکردن خێراتر دەکات.

سەرەڕای ئەوەی گلەیی هەیە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی زنجیرەی S26، بەڵام زیادکردنی Horizon Lock بۆ جێگیرکردنی ڤیدیۆ و APV Codec بۆ کوالێتی و قەبارەی ڤیدیۆ، دەیسەلمێنن کە ئەم مۆبایلە چیتر تەنها ئامێرێکی پەیوەندیکردن نییە، بەڵکو کامێرایەکی سینەمایی تەواوە. ئەم هەنگاوەی سامسۆنگ ڕکابەرییەکی قورس دەخاتە بەردەم ئەپڵ، کە دەبێت لە داهاتوودا چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ قەبارەی زەبەلاحی فایلەکانی ProRes بدۆزێتەوە.