بیروڕا 24, شوبات 2020

بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکان لە ژێر هەڕەشەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا

هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە لاپەڕەی فەرمی خۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکی بابەتێکم دانا لەسەر ئەوەی ئەم ڤایرۆسە هەڕەشەیەکی گەورە دەبێت لەسەر تەکنەلۆژیا و بە تایبەت بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکان و بازاڕ بە گشتی، بەڵام ئەوەتا دوای نزیکەی مانگێک لە داخرانی ڕێگای چین و وڵاتانی جیهان مەترسیە گەورە ئابوریەکە ووردە ووردە خۆی بەدەر دەخات.

لای گشتمان ئاشنایە وڵاتی چین یەکێک لە گەورەترین ئەو وڵاتانەی کە ئابورییەکی بەهێزی هەیە و ڕکابەری نەک تەنها ئەمریکا بەڵکو گشت جیهان دەکات. وڵاتی چین دەستی گرتووە بەسەر بازاڕی زۆربەی وڵاتانی جیهان بە تایبەت تر بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکان، کە ئەمەش بە تەنیا هەر یەک کۆمپانیا نەبوو بەڵکو بە کۆمپانیاکانی وەک (هواوەی و شاومی و ئۆپۆ و ڤیڤۆ) و چەندین کۆمپانیای تر بوو کە ڕکابەریەکە ئەوەندە قوڵ و بەهێز بوو ئەم کۆمپانیایانە لە نێو خۆیاندا چەندین لقیان درووست کرد، و دواتر کردیان بە لقی سەربەخۆ بۆ ئەوەی دەست بگرن بەسەر تەواوی بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکان. لە پشت هەموو ئەم کۆمپانیایانەشەوە پشتگیری حکومەتی چین بوو بۆ ئەوەی زیاتر گەشە بکەن و ڕکابەری سەرسەختی کۆمپانیای سامسۆنگ و ئەپڵ بکەن، کە ئەمەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێنمەوە:

  • یەکەمیان: دەستی کار لەم وڵاتە هەرزانە و ڕێژەی دانیشتوانیان زۆرە.
  • دووەمیان: پشتگیری حکومەت و پێشکەوتنی خێرای گشت کەرتە جیاوازەکان لەم وڵاتە.

بە چەند داتا و زانیارییەکی گرنگی ناردنی مۆبایلە زیرەکەکان ئاشناتان دەکەم لە لایەن وڵاتی چینەوە:

  • لە ساڵی 2019 فرۆشتنی مۆبایلە زیرەکەکان بە تەنها لە وڵاتی چین (369) ملیۆن یەکە بووە، کە ئەمەش یەکسانە بە چارەگی ئەو ڕێژەیەی لە گشت جیهان دەفرۆشرێت. (سەرچاوە: Canalys)
  • وا چاوەڕوان دەکرێت دابەزینی فرۆشتنی مۆبایلە زیرەکەکان لە وڵاتی چین لە چارەگی یەکەمی ئەم ساڵ لە نێوان (30% – 50%) بێت. (سەرچاوە: IDC , Canalys)
  • دەست بەسەرداگرتنی بازاڕی چین لە ساڵی 2019 لە لایەن کۆمپانیاکان بەم شێوەیە دابەش بووە، کۆمپانیای هواوەی توانیویەتی 142 ملیۆن مۆبایل بفرۆشێت و بە ڕێژەی 39%ـی بازاڕ، و کۆمپانیای ڤیڤۆ توانیویەتی 63 ملیۆن مۆبایل بفرۆشێت بە ڕێژەی 17%ـی بازاڕ، کۆمپانیای ئۆپۆ توانیویەتی 66 ملیۆن مۆبایل بفرۆشێت بە ڕێژەی 18%ـی بازاڕ، کۆمپانیای شاومی توانیویەتی 39 میلۆن مۆبایل بفرۆشێت بە ڕێژەی 11%ـی بازاڕ، وە دەست بەسەرداگرتنی بازاڕی چین لە لایەن کۆمپانیا چینیەکان بە ڕێژەی 85% بووە، کۆمپانیای ئەپڵیش لە وڵاتی چین توانیویەتی 27.5 میلۆن مۆبایل بفرۆشێت بە ڕێژەی 8%ـی بازاڕی ئەم وڵاتە، وە ڕێژەی فرۆشی کۆمپانیای سامسۆنگ لە وڵاتی چین لە 8% ڕەت نادات.
  • گرنگی وڵاتی چین لە جیهانی بەرهەمهێنانی مۆبایلە زیرەکەکان ئەوەیە، کە توانیویەتی لە (70%) مۆبایلە فرۆشراوەکانی جیهان داگیر بکات. (سەرچاوە: Strategy Analytics)
  • کاریگەری ئەم ڤایرۆسە لەسەر فرۆشی مۆبایلە زیرەکەکان لە جیهان پێشبینی دەکرێت بۆ چارەگی یەکەمی ئەم ساڵ بەم شێوەیە بێت: فرۆشی مۆبایلە زیرەکەکان 275 ملیۆن یەکە بێت و فرۆشەکە دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت بە ڕێژەی (12%)، فرۆشی هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئەپڵ بە (10%) و هواوەی بە (15%) و سامسۆنگ بە (3%) دەبێت. (سەرچاوە TrendForce).
  • کاریگەری ئەم ڤایرۆسە لەسەر فرۆشی کۆمپانیای ئەپڵ: کەم بوونەوەی ڕێژەی فرۆش لە فرۆشگاکانی کۆمپانیای ئەپڵ بە ڕێژەی (8%) بووە، وە فرۆشی گشتی (17%) دابەزیوە، وە دابەزینی فرۆشەکە لەلایەن دابینکەرەکان تا (50%) بووە.
  • هەروەک پێشبینی دەکرێت زیانەکانی وەستانی فرۆش بۆ یەک هەفتە لە وڵاتی چین بە 850 ملیۆن دۆلار بخەمڵێندرێت.

ئەمەی لەسەرەوە ئاماژەم پێدا تایبەت بوو بە بازاڕەکانی وڵاتی چین و بەشێک لە جیهان، بەڵام کوردستانیش دوور نییە لەم کاریگەرییە و چەند ڕۆژێکە بازاری تەکنەلۆژیا و مۆبایل بە تایبەتی شڵەژانێکی پێوە دیارە، و نرخی بەرهەمە تەکنەلۆژییەکان بە ڕێژەی (10% – 15%) زیاد بووە، واتە ئەگەر پێشتر مۆبایلێکت بە (300$) دۆلار کڕیبێت ئێستا دەبێت بە (330$) دۆلار بیکڕیت، هەروەها هەر لەم مانگەدا بەشێکی زۆری کۆمپانیاکانی مۆبایل نرخی بەرهەمەکانیان چەندین جار گران کردووە و ئەم گران بوونەش بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ڕێگاکان و بازاڕەکانی وڵاتی چین بە فەرمی دەکرێنەوە.

بۆچونی تۆ