ئامێرە هەمەجۆرەکان 26, تشرینی دووه‌م 2019

کاتژمێری زیرەکی Honor MagicWatch 2 بە پاتری بەرگەگر تاوەکو 14 ڕۆژ و پێوانەکردنی مەلەکردنەوە نمایشکرا

لە بۆنەیەکی تایبەتدا لە شاری بەیجینی وڵاتی چین و لە پاڵ نمایشکردنی مۆبایلەکانی Honor V30 و Honor V30 Pro، کۆمپانیای ئۆنەری سەر بە کۆمپانیای هواوەی چینی، کاتژمێری زیرەکی Honor MagicWatch 2 ـیشی بە پاتری بەرگەگر تاوەکو 14 ڕۆژ و پێوانەکردنی مەلەکردنەوە نمایشکرد.

کاتژمێری زیرەکی Honor MagicWatch 2 خاوەن قەبارەکانی 42 و 46 میلیمەترییە، خاوەن ڕوونمای 1.2 و 1.4 ئینجییە لە جۆری AMOLED و بە وردی نیشاندانی 390 بە 390 پێکسڵ و 454 بە 454 پێکسڵ. پڕۆسێسەری Kirin A1 ـی لەسەر جێگیرە، هەمان ئەو پڕۆسێسەرەی کە لەسەر کاتژمێری زیرەکی Huawei Watch GT 2 ـە. خاوەن بیرگەیەکە بە قەبارەی 4 گێگابایت. کاتژمێرە زیرەکە نوێیەکەی ئۆنەر، خاوەن پاترییەکە کە بەرگەی 14 ڕۆژ لە بەکارهێنانی بەردەوام دەگرێت، هەروەها خاوەن بڕوانامەی 5ATM ـە کە دەتوانیت لە کاتی مەلەکردندا و لە قوڵایی زۆردا بەکاری بهێنیت. کاتژمێرە زیرەکەکە بە ماددەی ستیلی بێخەوشی جۆری 361L ڕووپۆش کراوە.

کاتژمێرە زیرەکەکە توانای هەیە هەریەکە لە کردارەکانی پێوانەکردنی ترپەی دڵ، پێوانەکردنی مەودا، پێوانەکردنی خێرایی و کالۆری ئەنجام بدات، تەنانەت لە کاتی مەلەکردندا، ژمارەی سەوڵ لێدانەکانیش هەژمار دەکات.

هەروەها خاوەن 15 دۆخی وەرزشکردنی دیکەی جیاوازە. پشتگیری لە تەکنەلۆژیاکانی GPS و GLONASS و Bluetooth دەکات. دەتوانیت لە دووری 150 مەتر لە مۆبایلەکەتەوە، وەڵامی پەیوەندییەکان لە کاتژمێرە زیرەکەکەدا بدەیتەوە، بە بێ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ مۆبایلەکەتدا بپچڕێت.

کاتژمێری زیرەکی Honor MagicWatch 2 لە ڕێکەوتی 12 ـی مانگی داهاتوودا لە بازاڕەکانی وڵاتی چین بە ڕەنگەکانی ڕەشی خەڵوزی و ڕەشی بەرزی و ئاڵتونییەوە بەردەست دەکرێت. نرخی لە 155$ ـەوە دەستپێدەکات تاوەکو 200$.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ