سامسۆنگ 23, شوبات 2020

سامسۆنگ گەورەترین کۆگای تایبەت بە بەرهەمهێنانی Galaxy Z Flip لە کۆریای باشوور بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە داخست

بەداخەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا خەریکە لە سەرجەم ناوچەکانی جیهاندا بڵاو دەبێتەوە، ڤایرۆسەکە تەنها کاری بەرهەمهێنانی لە ناوخۆی وڵاتی چیندا پەک نەخستووە، بەڵکو خەریکە دەبێتە هۆی پەکخستنی کاری بەرهەمهێنان لە وڵاتەکانی دراوسێشیدا. هەروەها ڤایرۆسەکە ئەنجامدانی کۆنگرەی جیهانی مۆبایل (Mobile World Congress) ـیشی شکست پێهێنا و بۆ ئەمساڵ کۆنگرەکە بەڕێوە ناچێت، کە وا بڕیار بوو 24 ـی ئەم مانگە لە بەرشەلۆنەی ئیسپانیا بەڕێوە بچووبایە.

هەواڵێکی دیکەی ناخۆش سەبارەت بە ڤایرۆسەکە بوونی هەیە، ئەویش داخستنی یەکێک لە کارگە گەورەکانی سامسۆنگە لە کۆریای باشوور بە هۆی ڤایرۆسەکەوە. ئەو کارگەیەی کە سامسۆنگ دایخست، ناوی Gumi ـە و بە تایبەتی مۆبایلە چەماوەییەکانی Galaxy Fold و Galaxy Z Flip ـی تێدا بەرهەم دەهێنێت. داخستنی کارگەکە کاتییە و تاوەکو ڕێکەوتی 24 ـی ئەم مانگە بە داخراوی دەمێنێتەوە.

هۆکاری داخستنی کارگەکە، بە هۆی تووشبوونی کارمەندێکەوە بوو بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە. هەروەها سامسۆنگ ڕایگەیاندووە کە هەر کارمەندێکیان پەیوەندی بە بەشی باڵای کۆمپانیاکەوە بکات بە مەبەستی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دەخرێتە ژێر چاودێری تایبەت بە مەبەستی ئاشکرابوونی نیشانەکانی ڤایرۆسەکە.

ماوەی چەند مانگێکە ڤایرۆسێکی کوشندە بە ناوی COVID-19 لە خێزانی ڤایرۆسەکانی کۆرۆنا لە وڵاتی چینەوە بڵاو بووەوە و بە بەردەوامی لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا تەشەنە دەکات. تاوەکو ئێستا ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە لە جیهاندا نزیکە لە 79,000 کەس و 2,470 کەسیش بە هۆی ڤایرۆسەکە گیانیان سپاردووە.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ