10
کۆمپیوتەر 24, شوبات 2020

هواوەی لاپتۆپەکانی Huawei MateBook X Pro و MateBook D ـی بە ڕەقەکاڵای نوێوە نوێکردەوە

لە میانەی ئەنجامدانی بۆنەیەکی تایبەت بە خۆیدا، کۆمپانیای هواوەی لاپتۆپەکانی Huawei MateBook X Pro و MateBook D ـی بە ڕەقەکاڵای نوێوە نوێ کردەوە.

با سەرەتا لە لاپتۆپی MateBook X Pro ـی نوێوە دەست پێ بکەین. لاپتۆپە نوێیەکە خاوەن بژاردەی ڕەنگە نوێیەکانی خۆڵەمێشی و زیوییە، گۆڕانکاری لە دیزاینیدا نەکراوە و دیزاینی هاوشێوەی نەوەی پێش خۆیەتی. لە ناوەوە، خاوەن بژاردەکانی پڕۆسێسەری نەوەی دەیەمی Intel ـە لە جۆرەکانی Core i7-10510U و Core i5-10510U و قەبارەیان 14 نانۆمەترە. خێرایی پڕۆسێسەرەکان لە نێوان 1.8 بۆ 4.9 گێگاهێرتزدایە.

قەبارەی ڕوونمایەکەشی گۆرانی بەسەردا نەهاتووە و بە قەبارەی 13.9 ئینج و وردی نیشاندانی 3000 بە 2000 پێکسڵەوە ماوەتەوە. خاوەن گرافیکی Nvidia GeForce MX250 و ڕامی تاوەکو 16 گێگابایت و بیرگەی ناوەکی 1 تێرابایتە. توانستی پاترییەکەی 57.4 واتە و خاوەن دەرچەیەکی USB-A و 2 دەرچەی USB-C ـە.

لاپتۆپەکە بە نرخی دەستپێکی 1,499€ لە مانگی 4 ـی ئەمساڵدا بەردەست دەکرێت.


هەرچی دەربارەی MateBook D ـە نوێیەکەیە، بە قەبارەکانی 14 و 15.6 ئینجەوە نمایش کرا. نزمترین وردی نیشاندانی 1920 بە 1080 پێکسڵە و کێشی لە نێوان 1.38 بۆ 1.62 کیلۆگرامدایە، هەروەها چوارچێوەی ڕوونماکەی بە نزیکەیی پڕاوپڕە، بێجگە لە هەبوونی چێوە پانەکەی خوارەوەی. خاوەن پڕۆسێسەرە نوێیەکانی نەوەی دەیەمی Intel ـە لە جۆری Core i5-10210U. بژاردەکانی Nvidia GeForce MX250 و Radeon Vega 8 بۆ گرافیکەکەی بەردەست دەبێت.

جۆرە 14 ئینجییەکەی MateBook D خاوەن ڕامی تاوەکو 8 گێگابایت و بیرگەی ناوەکی تاوەکو 512 گێگابایت لە جۆری SSD دەبێت، بەڵام جۆری بیرگەی جۆرە 15.6 ئینجییەکەی HDD دەبێت. توانستی پاترییەکەی لە نێوان 42 بۆ 56 وات دەبێت. خاوەن تاکە دەرچەی USB و 2 دەرچەی USB-A و دەرچەی HDMI و بیستۆک دەبێت.

نرخی لاپتۆپەکە لە 699€ دەست پێدەکات و لە ساتەوەختێکی ئەم بەهارەدا بەردەست دەکرێت.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ