ئەپڵ 2, كانونی دووه‌م 2020

ڕاپۆرتەکان: کۆمپانیای TSMC دەستیکرد بە بەرهەمهێنانی چیپی A14 ـی 5 نانۆمەتری بۆ ئایفۆنە نوێیەکانی ئەپڵ

هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، وا دیارە کۆمپانیای TSMC ـی تایوانی بۆ ئەمساڵیش ئەرکی بەرهەمهێنانی چیپی A14 بۆ ئایفۆنە نوێیەکان دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام ئەمجارە قەبارەی چیپە نوێیەکە بچووکتر دەبێت.

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی Digitimes بێت، کۆمپانیای TSMC دەستیکرد بە بەرهەمهێنانی چیپی A14 بە قەبارەی 5 نانۆمەتر تاوەکو لەسەر ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ جێگیر بکرێت. ئەوەی لێرەدا ناوازەیە، کەمکردنەوەی قەبارەی چیپەکەیە لە 7 نانۆمەترەوە بۆ 5 نانۆمەتر. بەمەش، خێرایی چیپەکە بۆ دوو هێندە و زیاتر بە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی زیاد دەکات.

کاتێک کە مۆبایلی iPhone XS ـی ساڵی 2018 خاوەن چیپی A12 ـی قەبارە 7 نانۆمەتری بوو، دەبووایە ئایفۆنەکانی ساڵی ڕابردوو (iPhone 11 و iPhone 11 Pro و iPhone 11 Pro Max) قەبارەی چیپە A13 ـەکانیان 5 نانۆمەتر ببووایە.

کۆمپانیای ئەپڵ پشکی شێری بەردەکەوێت لە داواکاری بۆ بەرهەمهێنانی چیپی قەبارە 5 نانۆمەتری لە کۆمپانیای TSMC ـەوە. لە بیری نەکەین، کە کۆمپانیای هواوەیش یەکێکە لە کڕیارەکانی کۆمپانیای TSMC و بە هەمان شێوە داوای بەرهەمهێنانی چیپی قەبارە 5 نانۆمەتری لە کۆمپانیا تایوانییە کردووە. بەڵام، پێدەچێت کۆمپانیای هواوەی پێش ئەپڵ بداتەوە لە بەکارهێنانی چیپی قەبارە 5 نانۆمەتری، ئەویش لە چیپی Kirin 1020 بۆ مۆبایلی داهاتووی Huawei Mate 40.

قەبارەی نوێترین پڕۆسێسەرەکانی Snapdragon 865 و Kirin 990، بریتین لە 7 نانۆمەتر. بەکارهێنانی چیپێکی قەبارە 5 نانۆمەتری لە لایەن ئەپڵەوە، ناوازە دەبێت و شایەنی چاوەڕوانی کردنە بۆی!

سەرچاوە 9To5MacGSMArena
بۆچونی تۆ