10
مۆبایل و تابلێت 24, شوبات 2020

هواوەی جۆری 5G ـی لە تابلێتی Huawei MatePad Pro ڕاگەیاند

لە مانگی 11 ـی ساڵی رابردوودا، هواوەی تابلێتی Huawei MatePad Pro ـی بە دیزاینێکی هاوشێوەی iPad Pro ـی ئەپڵەوە ڕاگەیاند. ئەمڕۆ، کۆمپانیاکە جۆری 5G ـی لە تابلێتەکە ڕاگەیاند.

تابلێتە نوێیەکە خاوەن پڕۆسێسەری Kirin 990 5G ـی 7 نانۆمەترییە، بەمەش بۆ یەکەمجار پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکات. هەروەها پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی دەکات، بە شێوەیەک کە بە وایەر بە توانای 40 وات و بە بێ وایەر بە توانای 27 وات بارگاوی دەبێتەوە.

جۆرە نوێیەکەی تابلێتی Huawei MatePad Pro، بووە یەکەمین تابلێت کە پشتگیری لە تایبەتمەندی بارگاویکردنەوەی ئامێرەکانی دیکە بکات بە شێوەی بێوایەر، هاوشێوەی مۆبایلە نوێیەکانی سامسۆنگ. تابلێتەکە دەتوانێت ئەم کردارە بە توانای 7.5 وات ئەنجام بدات.

تابلێتەکە خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 10.8 ئینج و بە ڕوونی 2,560 بە 1,600 پێکسڵ و ڕووناکی 280ppi. چوارچێوەکانی ڕوونماکەی کەمتر کراونەتەوە و ئێستا ڕوونماکەی ڕێژەی 90% ـی لاشەی ئامێرەکە پێکدەهێنێت.

هاوشێوەی iPad Pro ـی ئەپڵ، تابلێتە نوێیەکەی هواوەیش خاوەن قەڵەمی زیرەکی M Pen دەبێت و لە ڕووی سەرەوەیدا جێگیر دەکرێت، هەروەها پشتگیری لە تەختەکلیلی زیرەکیش دەکات. هواوەی دەڵێت بە 30 چرکە بارگاویکردنەوەی قەڵەمەکە، دەتوانیت بۆ 10 خولەک بەکاری بهێنێت، هەروەها بە یەک کاتژمێر بارگاویکردنەوە، دەتوانیت بۆ 10 کاتژمێر بەکاری بهێنیت.

تابلێتی Huawei MatePad Pro خاوەن ڕامی 6 و 8 گێگابایت و بیرگەی 128 و 256 و 512 گێگابایت دەبێت، نرخی لە 550€ دەست پێدەکات و لە مانگی 6 ـی ئەمساڵدا بە جۆرەکانی Wi-Fi و سیمکارت بەردەست دەکرێت.

پێویستە بە جیا تەختەکلیلی زیرەک و قەڵەمی زیرەک و بەرگە سلیکۆنی و جوانکارییەکانی دیکەی بکڕیت.

سەرچاوە The VergeGSMArena
بۆچونی تۆ