ئۆپۆ 25, شوبات 2020

ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی مۆبایلی Oppo Find X2 ئاشکرا کرا

پێشووتر ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی مۆبایلی Oppo Find X2 دزەی پێکرابوو، کۆمپانیاکە بە فەرمی ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی مۆبایلە ناوبراوەکەی ئاشکرا کرد.

لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا لە تۆڕی Weibo ـی چینی، کۆمپانیای Oppo ئاشکرای کردووە کە مۆبایلی نوێی Oppo Find X2 لە ڕێکەوتی 6 ـی مانگی داهاتوودا ڕادەگەیەندرێت. ئەمەش لە دوای ئەوەی کە کۆمپانیاکە پلانی وابوو تاوەکو لە کۆنگرەی جیهانی مۆبایل (Mobile World Congress 2020) ـدا مۆبایلەکە نمایش بکات، بەڵام کۆنگرەکە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڵوەشایەوە و بۆ ئەمساڵ بەڕێوە ناچێت.

سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکە، بەڕێز Brian Shen، بەڕێوەبەری کۆمپانیای Oppo ڕایگەیاندووە کە مۆبایلی نوێی Oppo Find X2 خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە وردی نیشاندانی 3K، کە پێی دەگوترێت +QHD، هەروەها خێرایی ڕوونماکەی 120 هێرتز دەبێت.

پێشبینی دەکرێت مۆبایلی Oppo Find X2 خاوەن پڕۆسێسەری Snapdragon 865 و ڕامی تاوەکو 12 گێگابایت و ڕایەڵەی 5G و خێرایی بارگاویکردنەوەی 30 وات ببێت.

سەرچاوە The VergeGSMArena
بۆچونی تۆ