ئەپڵ 27, شوبات 2020

تایە 400$ ـییەکانی کۆمپیوتەری Mac Pro توانایان نییە خۆیان قفڵ بکەن و بوەستن لە جوڵە

لەو کاتەوەی کە کۆمپیوتەری ئاست بەرز و گرانبەهای Mac Pro لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا لە لایەن ئەپڵەوە بەردەستکرا، بە لێشاو ڕەخنەی لێ دەگیرا سەبارەت بە نرخە ئێجگار بەرزەکانی خۆی و کاڵایەکانی. لە دواین دەرکەوتندا، ئاشکرا بوو کە تایەکانی کۆمپیوتەرەکە توانایان نییە تاوەکو خۆیان قفڵ بکەن و بوەستن لە جوڵەکردن، نرخی تایەکان بە 400$ مەزندە دەکرێن و پێویستە بە جیا بۆ کۆمپیوتەرەکەی بکڕیت.

بەڕێز Marques Brownlee ـی یوتیوبەری بەناوبانگی کەناڵی MKBHD، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردۆتەوە و ئاشکرای کردووە کە تایەکانی کۆمپیوتەری Mac Pro ناتوانن قفڵ بکرێن، بەمەش بە پێی ناڕێکی زەوییەکە، دەست دەکەن بە جوڵە و کۆمپیوتەرەکە بەرەو شوێنی جیاواز دەبەن.

لە ڕاستیدا، ئاساییە گەر تایەی بەرهەمێکی لەم شێوەیە نەتوانێت خۆی قفڵ بکات، بەڵام بۆ Mac Pro دۆخەکە تەواو جیاوازە و هیچ ئاسایی نییە، چونکە تایەکان لەگەڵ کۆمپیوتەرەکەدا بوونیان نین و پێویستە 400$ ـی زیادە بدەیت تاوەکو ئەو تایانە بەدەست بهێنیت. نرخی کۆمپیوتەرەکە لە لایەکەوە بوەستێت.

هەر لە جریوەیەکەی Marques ـدا، خەڵکی دەستیان کردەوە بە تەنزی خۆیان لەسەر کۆمپیوتەرە گرانبەهاکەی ئەپڵ. هەژماری ᴺᴼᵀ Jony Ive، کە تایبەتە بە تەنزدان لە بەرهەمەکانی ئەپڵ، لە سەکۆی جریوەکەدا وێنەیەکی درووستکراوی داناوە، کە گوایە ئەپڵ ئامێرێکی دیکەی هەیە بۆ فرۆشتن بە نرخی 999$ کە تایبەتە بە وەستاندنی کۆمپیوتەرەکە لە جوڵە.

نرخی کۆمپیوتەری Mac Pro لە 5,999$ ـەوە دەستپێدەکات تاوەکو 52,599$. هیچکام لە کەلوپەلە سەرەکییەکانی وەکو مۆنیتەر و ڕاگر و ئەوانی دیکە لەگەڵ کۆمپیوتەرەکەدا بوونی نین و پێویستە بە جیا بیانکڕیت.

بۆچونی تۆ