ئەپڵ 29, شوبات 2020

پێدەچێت ئەپڵ لە ئەمساڵدا تەختەکلیلی iPad بە جوڵێنەری Trackpad ـەوە ڕابگەیەنێت

بۆ ماوەیەکی زۆرە ئەپڵ تەختەکلیلی زیرەکی بۆ ئامێرەکانی iPad ڕاگەیاندبوو، بەڵام ڕەنگە ئەمساڵ شتەکان جیاواز بن وەک لە ساڵانی ڕابردوو، ئەویش بە هۆی سیستەمی نوێی iPadOS ـەوە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی The Information بێت، ئەپڵ لە پلانیدایە لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا و لە پاڵ ڕاگەیاندنی iPad Pro ـی نوێ، تەختەکلیلێکی تایبەت بە ئامێرەکانی iPad بە هەبوونی جوڵێنەری Trackpad (یاخود ماوس) ـەوە ڕابگەیەنێت. زیادکردنی جوڵێنەری Trackpad بۆ تەختەکلیلی iPad، دەبێتە هەنگاونانێکی دیکەی ئەپڵ بۆ زیادکردنی تایبەتمەندییەکانی کۆمپیوتەر بۆ تابلێتە ئاست بەرزەکانی iPad.

سیستەمی iPadOS 13، کە لە ساڵی ڕابردوودا بۆ یەکەمجار ڕاگەیاندرا، بۆ یەکەمجار پشتگیری لە ماوسە بێوایەرەکان دەکرد و دەتوانرا ماوسەکان بۆ iPad ـەکان بەکاربهاتنایە، بەڵام وەکو زیادکراوێکی AssistiveTouch وابوو و دەبووایە بە شێوەی دەستکرد لە ئەپی ڕێکخستنەکان کارا بکرایە، لە پاڵ ئەوەی کە نیشاندەرەکەی لەسەر ڕوونما زۆر گەورە بوو و وەکو نیشاندەرەکانی کۆمپیوتەر و لاپتۆپەکان بچووک نەبوو.

وا دەرناکەوێت کە لە وەشانی سیستەمی iPadOS ـدا ئەپڵ زۆر لە بەکارهێنەران بکات بۆ بەکارهێنانی ماوسەکان. بەڵام ئەگەر تەختەکلیلێک بە هەبوونی جوڵێنەری Trackpad ـەوە ڕابگەیەنێت، ڕەنگە ببێتە تایبەتمەندییەکی زۆر باو لە ئامێرەکەدا.

هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەڕێز Craig Federighi بەڕێوەبەری نەرمەکاڵاکانی ئەپڵ، گوتی: “ئەگەر دەتەوێت کە ببینیت چ گۆڕانکارییەک لە iPadOS ـدا ئەنجام دەدەین، ئەوا چاوەڕوان بە، بە بەردەوامی کاری لەسەر دەکەین.”

بە پێی ئەو گوتەیەی Craig Federighi بێت، وا دیارە گرنگترین ئامانجی ئەپڵ، زیادکردنی تایبەتمەندییەکانی کۆمپیوتەر و لاپتۆپەکانە بۆ iPad.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ