ئەپڵ 7, ئەیلوول 2022

دوو باشترینەکەی ئەپڵ نمایش کران

 

ئەپڵ بە فەرمی هەردوو مۆبایلی iPhone 14 Pro و iPhone 14 Pro Max نمایش کرد، گەورەترین دیزاین کردنەوەی ئایفۆنەکان لەم دوو نەوەیەدا دەبینرێت پاش ساڵی 2017 و دیزاینی iPhone X، نۆچ لەم دوو مۆدێلەدا نەماوە و بڕاوییەکی شێوە حەپ جێگای گرتۆتەوە، هەروەها تایبەتمەندی Always On Display لە خۆ دەگرن و چیپسێتی نوێ و خێرایی Apple A16 Bionic لەسەر جێگیر دەکرێت

 

تیم کووک بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ ئەم دوو نەوەیە بە پڕ داهێنراوترین ئایفۆنی پرۆ ناودەبات، ئایفۆن 14 پرۆ نرخی لە 999 دۆلارەوە و پرۆ ماکس لە 1,099 دۆلارەوە دەست پێ دەکات، هەردوو مۆبایلەکە لە ڕۆژی 9ی ئەم مانگە داواکاری پێشوەختەی دەست پێ دەکات و بەردەست دەبن لە کۆگاکان لە ڕۆژی 16ی مانگ

 

یەکەم گۆڕانکاری بەرچاو لە دیزاینی ئایفۆن 14 لە ڕوونماکەیدا دەبینرێت، هەرچەندە هەر 6.1 ئینج و 6.7 ئینجە، بەڵام نۆچ گۆڕدراوە بە شێوەی حەپ لەگەڵ چاڵی دووەم بۆ کامێرای سێڵفی، هەروەها جێگیر کردنی Face ID لە شێوە حەپەکەدا، ئێستا ئاگانامەکان لەم شێوە حەپەدا دەردەکەون و ئەنیمەیشنی زۆر نایابیان پێ دراوە

ئەپڵ ناوی دەبات بە Dynamic Island و زیاتر و زیاتری دەربارە دەڵێت، دەتوانرێت ویجێتەکانی بە بچووکی تێدا نیشان بدرێت و دەستکاری میوزیکی کارپێکراوی تێدا بکرێت، هەردوو مۆبایلەکە نوێیەکە تایبەتمەندی Always On Display لە خۆ دەگرن کە لەگەڵ وەشانی iOS 16 بەردەست دەبن، ئەم تایبەتمەندییە ساڵانێکە لە مۆبایلەکانی ئەندرۆیددا بەردەستە و کاتژمێر و بەروار و چەندانی شتی دیکەش پیشان دەدات

 

لە ناوەوەی دوو مۆبایلە نوێیەکەدا، چیپسێتی Apple A16 Bionic جێگیر کراوە، 6 ناووک لە خۆ دەگرێت کە 2 ناووکیان بۆ کاری قورسە و 20% وزە کەمتر بەکار دەبات بەراورد بە نەوەی پێشووتری و 4 دانەیان بۆ کاری ئاساییە و سێیەکی وزە بەروارد بە نەوەی پێشووتری بەکار دەبات، چیپەکە بە تەواوەتی گونجێندراوە لەگەڵ Dynamic Island

بۆ یەکەمین جار ئەپڵ لە کامێرای 12 مێگاپێکسڵی دوور دەکەوێتەوە، کامێرای سەرەکی هەردوو مۆبایلەکە ڕوونی 48 مێگاپێکسڵە، بە تەواوەتی باشتر کراوە بۆ چرکاندنی وێنە لە ڕووناکی کەمدا و هەستەوەری 6ی بە کرانەوەی f/1.78 لە خۆ دەگرێت، بەڵام لە زۆرینەی وێنەکاندا هەر بە 12 مێگاپێکسڵ وێنە دەگرێت بە مەبەستی دەرخستنی زۆرترین ڕووناکی، هەستەوەرە نوێیەکە باشتر کراوە لە دۆخی ProRAW

 

کامێرا گۆشە فراوانە نوێیەکەی باشتر کراوە لە macrophotography و 3 هێندە باشتر کراوە لە چرکاندنی وێنە لە بوونی ڕووناکی کەمدا، هەروەها ڕووناک کەرەوە(فلاش) باشتر کراوە و ئێستا دوو هێندە ڕووناکترە

سەرچاوە The Verge
تاگەکان Apple ئەپڵ
بۆچونی تۆ